ئیسماعیل محه‌مه‌د جێگرى پارێزگاى دهۆك بۆ كاروبارى ئاواره‌كان راده‌گه‌یه‌نێت، ئاواره و په‌نابه‌رانى هه‌رێمى كوردستان به گشتى و پارێزگاى دهۆك به تایبه‌تى، له‌لایه‌ك له رووى دارایى و كۆمه‌ڵاتییه‌وه بوونه‌ته بارگرانى بۆ دهۆك و له‌لایه‌كى تره‌وه ئه‌وان بوونه‌ته هۆكارى ئه‌وه‌ى كه جووڵه بكه‌وێته بازاڕه‌كانى دهۆك. ئه‌و له دیدارێكى "وشه"دا دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه ئه‌و پاره‌یه‌ى رۆژانه له ئاواره‌كان خه‌رج ده‌كرێت، ده‌توانرێت ناوچه‌كانیانى پێ ئاوه‌دان بكرێته‌وه.
دواین ژماره‌ى ئاواره و په‌نابه‌ران و كه‌مپه‌كانیان له دهۆك چه‌ند ده‌بێت؟
ژماره‌ى راسته‌قینه ئاواره و په‌نابه‌ران له سنوورى دهۆك به‌رده‌ست نییه، چونكه ژماره‌یان رۆژانه ده‌گۆڕێت، هه‌ندێك دێن و هه‌ندێكیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام به‌گشتى له پارێزگاى دهۆك نزیكه‌ى 700 هه‌زار ئاواره و 250 هه‌زار په‌نابه‌ر هه‌یه، ئه‌وان له 25 كه‌مپدا نیشته‌جێ كراون و به‌رده‌وامیش ئاواره‌یه‌كى زۆرى مووسڵ ده‌گاته دهۆك و تا ئێسته زیاتر له چوار هه‌زار خێزانى ئه‌و پارێزگایه گه‌یشتوونه‌ته دهۆك و له شه‌ش كه‌مپدا نیشته‌جێ كراون.
پرۆسه‌ى سه‌رپه‌رشتیكردن و به‌ڕێوه‌بردنى ئاواره و په‌نابه‌ران چۆن به‌ڕێوه ده‌چێت؟
سه‌رپه‌رشتیكردن و به‌ڕێوه‌بردنى ئاواره و په‌نابه‌رانى دهۆك له رووى مادى و مه‌عنه‌وییه‌وه كارێكێ ئه‌سته‌مه و هیچ حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌تێكى دنیا ناتوانێت ئه‌و رێژه زۆره‌ى ئاواره و په‌نابه‌ر وه‌ربگرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنى ئه‌و رێژه زۆره‌ى ئاواره و په‌نابه‌ره‌شه‌وه، پارێزگاى دهۆك به هاوكارى 94 رێكخراوى ناوخۆ و بیانى به باشترین شێوه به‌ڕێوه‌یان ده‌بات و ته‌نانه‌ت باشتر له گه‌لێك له ده‌وڵه‌تانى دنیا خزمه‌ت به ئاواره و په‌نابه‌ران ده‌كات، به تایبه‌تى له رووى دارایى و ته‌ناهییه‌وه. تاكه سه‌رچاوه‌ى داهاتى ئاواره و په‌نابه‌ران حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و رێكخراوه‌كانى ناوخۆ و بیانین كه مانگانه هه‌ر ئاواره و په‌نابه‌رێك پێویستى به 60 دۆلاره بۆ دابینكردنى خزمه‌تگوزارى و خواردن و خواردنه‌وه.
دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران به‌گشتى چۆنه و پێویستیان به چ خزمه‌تگوزارى و هاوكارییه‌ك هه‌یه؟
ئاواره و په‌نابه‌رانى پارێزگاى دهۆك به‌بێ هاوكارى دارایى و كارگێڕیى پارێزگاى دهۆك و حكوومه‌ت و رێكخراوه‌كانى ناوخۆ و بیانى، له دۆخێكى خراپ‌دا ده‌بن، چونكه 80%ى ئاواره و په‌نابه‌رانى هه‌رێمى كوردستان و دهۆك هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كى داهاتیان نییه، به تایبه‌تى ئاواره و په‌نابه‌رانى شنگال و رۆژئاواى كوردستان، ئه‌و په‌نابه‌ر و ئاوارانه‌ى كه له ناو كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین 100% بارودۆخی دارایی‌یان خراپه و ئه‌وانه‌ى كه له ده‌ره‌وه‌ى كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین، بارودۆخیان باشتره و خاوه‌ن مووچه و داهات و كارێكن، به‌ڵام هاوكارى ئه‌وانیش ده‌كرێت.
پاره و هاوكارییه‌كى زۆر له‌لایه‌ن رێكخراو و هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ ئاواره و په‌نابه‌رانى دهۆك دێت، ئایا ئه‌و پاره‌یه چه‌نده و چۆن دابه‌ش ده‌كرێت؟ هیچ گه‌نده‌ڵییه‌ك نه‌بووه؟
وه‌ك پارێزگاى دهۆك نازانین بڕى ئه‌و پاره‌یه چه‌نده كه بۆ ئاواره و په‌نابه‌ران له‌لایه‌ن رێكخراو و هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌گاته كه‌مپه‌كان، چونكه ئه‌وان راسته‌وخۆ به ئاواره و په‌نابه‌رانى ده‌ده‌ن و هه‌ندێك له‌و هێزانه خۆیان كه‌لوپه‌ل و پێویستى بۆ ئاواره‌كان ده‌كڕن و دابه‌شى ده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌رجه‌م ئه‌و رێكخراو و هێزانه به‌پێى رێنوێنییه‌كانى پارێزگاى دهۆك و بۆردى كاروبارى مرۆیى كاره‌كانیان ده‌كه‌ن و تا ئێسته هیچ گه‌نده‌ڵییه‌ك تۆمار نه‌كراوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو كارێك كه‌موكوڕیى هه‌یه.
ئایا ئاواره و په‌نابه‌ران كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بارى كۆمه‌ڵایه‌تى دانیشتوانى دهۆك هه‌بووه؟
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ى كردووه له چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنى ئاواره و په‌نابه‌ران له جیۆگرافیاى هه‌رێمى كوردستاندا، ئه‌وه‌تا سه‌رووى 50%ى ئاواره و په‌نابه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له سنوورى پارێزگاى دهۆك نیشته‌جێن، ئه‌وه له كاتێكدایه كه پارێزگاى دهۆك له هه‌ردوو پارێزگاى هه‌ولێر و سلێمانى بچووكتره و ئێسته ژماره‌ى دانیشتوانى راسته‌قینه‌ى دهۆك و ئاواره و په‌نابه‌رانى دهۆك له یه‌كتر نزیك بوونه‌ته‌وه، كه ئه‌مه‌ش چه‌ندان كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ دانیشتوانى دهۆك دروست كردووه. له‌لایه‌كى تره‌وه ده‌ستكه‌وتنى كار بۆ هاووڵاتییانى دهۆك ئه‌سته‌م بووه و دانیشتوانى دهۆك ناخوازن ئاواره و په‌نابه‌ران تێكه‌ڵى ئه‌وان بن، به‌ڵام له‌لایه‌كى تره‌وه ئاواره و په‌نابه‌ران تا راده‌یه‌ك جووڵه‌یان خستووه‌ته ناو بازاڕه‌كانى پارێزگاى دهۆك به تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى ته‌نگژه‌ى دارایى دروست بووه و پاره كه‌م بووه‌ته‌وه.
ئایا ده‌رفه‌تى كار بۆ ئاواره و په‌نابه‌رانى دهۆك له سنوورى پارێزگاى دهۆكدا كراوه‌یه؟
ئه‌و ئاواره و په‌نابه‌رانه‌ى كه له دهۆك نیشته‌جێ كراون، به‌شى هه‌ره زۆریان له شنگال و سووریا و ناوچه هه‌ژارنشینه‌كانه‌وه هاتوون و پێشتر هیچ ده‌رفه‌تى خۆپێگه‌یاندن بۆ ئه‌وان نه‌بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك كه‌س له‌نێوانیاندا وه‌ك مامۆستا و ئه‌ندازیار و وه‌ستا و ده‌ستى كار هه‌ن و ئێمه وه‌ك كارگێڕیى پارێزگاى دهۆك له شوێنه جیاوازه‌كانه‌وه سوودێكى باش له تواناى ئه‌وان وه‌رده‌گرین و چه‌ندان ده‌رفه‌تى كار به‌وان دراوه و بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ئاواره و په‌نابه‌رێك بتوانێت به سه‌ربه‌خۆیى كار بكات و به مافه ره‌واكانیان بگه‌ن، ئه‌وا پێویسته هه‌رچى زووه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناوچه‌كانیان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كار و زێدى خۆیان. پێم وایه ئه‌و پاره‌یه‌ى كه ئێسته بۆ دابینكردنى خزمه‌تگوزارى و به‌ڕێوه‌بردنى ئاواره و په‌نابه‌ران ته‌رخان ده‌كرێت، به هه‌مان پاره ده‌توانرێت ناوچه‌كانیان ئاوه‌دان بكرێته‌وه.
وشه/ دهۆك- نه‌وزاد هلۆرى