كارگەیەکی مەهاباد لە بەرهەمهێناندا ژمارەی پێوانەیی شكاند

:: AM:11:37:23/05/2019 ‌

ئاستی بەرهەمهێنانی پۆلی ئێتیلێن لە كارگەی پەترۆكیمیایی مەهاباد گەیشتە 56 تۆن لە سەعاتێكدا و ئەمەش ژمارەی پێوانەیی بەرهەمهێنانی لە ئاستی ئێران شكاند.

موحسێن مەجیدی بەڕێوەبەری گشتی كارگەی پەترۆكیمیایی مەهاباد باسی لەوە كرد بە سوودوەرگرتن لە زانستی سەردەمییانە و گۆڕانكاری لە یەكەكانی بەرهەمهێنان توانیویانە بەم ئاستە لە بەرهەمهێنان بگەن.

ئەو گوتی پێشتر پێشبێنی و پلانەكە ئەوە بووە بە سوودوەرگرتن لە دوو یەكەی بەرهەمهێنان بتوانن لە سەعاتێكدا 37 هەزار و 500 كیلۆ پۆلی ئێتیلێن بەرهەم بهێنن، بەڵام ئەمەی ئێستە 45% سەرووی ئەم تواناییەیە.

بەگوتەی ئەم بەرپرسە ساڵی رابردووش توانیبوویان ئاستی بەرهەمهێنان بە رێژەی 20% بەرز بكەنەوە و خوازیارن لە داهاتوودا ئەو توانایە زیاتر پەرە پێ بدەن.

پێویستە بگوترێت ساڵی رابردوو سەرووی 80%ی بەرهەمەكانی كارگەی پەترۆكیمیایی مەهاباد بۆ دەرەوەی وڵات  و بەتایبەتی چین هەناردە كراوە.

بەگوێرەی "ئیرنا" كارگەكە لە هێڵێكی ئەتیلن خۆراك وەردەگرێت كە بە درێژایی هەزار و 600 كیلۆمەتر لە باشووری ئێرانەوە راكێشراوە. هێڵەكە جگە لە كارگەی پەترۆكیمیایی مەهاباد پێداویستی كارگە پترۆكیمیایەكانی خورەم ئاباد، چوار مەحاڵ و بەختیاری، كرماشان و سنە و میاندواو دابین بكات.

بەگشتی كارگەی پەترۆكیمیایی مەهاباد ساڵانە 300 هەزار تۆن پۆلی ئێتیلێنی سووك بەرهەم دەهێنێت كە  بە رووبەری 740 دۆنم لەسەر رێی نێوان مەهاباد-ورمێ بنیات نراوە و چوار ساڵە دەستی بە بەرهەمهێنان كردووە. كارگەكە 15 كیلۆمەتر لە مەهابادەوە دوورە.

لە كارگەكە جگە لە پۆلی ئێتیلێن، بوتن 1 بەرهەم دەهێنرێت. یەكێك لە مەبەستە سەرەكییەكانی دامەزراندنی ئەو كارگەیە ئەوە بووە بەرهەمەكانی رەوانەی ئەوروپا بكات و بۆ دامەزراندنی ئەو كارگەیەش 12 تریلیۆن ریال كە دەكاتە نزیكەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان كراوە. 
پۆلی ئەتیلن مادەیەكە كە زۆربەی مادە پلاستیكییەكانی لێ بەرهەم دەهێنرێت و پۆلی ئەتیلنیش لە ئەتیلن دروست دەبێت كە گیراوەیەكی تایبەتییە و لە نەوت بەرهەم دەهێنرێت.



وشە - سلێمان تاشان