شارەزایان: لە جەنگی ئەمەریكا و ئێران حەشدی شەعبی هیچ رۆڵی نابێت

:: PM:06:04:23/05/2019 ‌

تا ئێستەش گرژی و هەڕەشەی بەرپرسانی ئەمەریكا و ئێران بۆ یەكتر بەردەوامە و دۆخەكە لە كەنداو گرژە، ئەمەریكا بەردەوامە لە كۆكردنەوەی هێزی سەربازی لە كەنداو و لە عێراقیش جموجۆڵی سەربازی زیاتر كردووە، هاوكات گرووپەكانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران هەڕەشە لە كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەن ئەگەر جەنگ رووبدات، بەڵام ئەوان لە هاوكێشەكە چ سەنگێكیان هەیە و چیان پێ دەكرێت؟

دوێنێ چوارشەم واسق بەتات یەكێك لە سەركردە شیعەكان داوای لە عێراقییەكان كرد خۆبەخشانە بێنە ریزی "سوپای موختار" كە خۆی سەركردایەتی دەكات وەك ئامادەسازییەك بۆ جەنگی ئەمەریكا لەدژی ئێران، داوای لە ئەندامانی سوپاكە كرد پێشوازی لە خۆبەخشان بكەن بێ كردنەوەی نووسینگە و بێ دانی هیچ مووچەیەك بەو خۆبەخشانە، چونكە ئەوان لە دۆخی شەڕدان.   

بەم دواییەش جەواد تڵێباوی گوتەبێژی سەربازی گرووپی "عەسائیب ئەهلولحەق" سەر بە حەشدی شەعبی و نزیك لە ئێران لە تویتێك لە لاپەڕەی خۆی لە تویتەر نووسی، حەشدی شەعبی و ئەمەریكاییەكان تەنیا خوێن و كوشتنیان لە نێواندایە، بەڵام دوای چەند خولەكێك و بێ روونكردنەوەی هۆكارەكەی تویتەكەی رەش كردەوە.  

موعین كازمی سەركردە لە حەشدی شەعبی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دەڵێت، ئێستە ئەمەریكییەكان لە كێشەدان، بەتایبەتی ئەگەر دۆخەكە زیاتر پەرەبستێنێت كە ئەوكات كاردانەوە لەبەرانبەر هێزەكانی لە عێراق و ناوچەكە دروست دەبێت و دەكرێنە ئامانج، چونكە ئەو باش دەزانێت كە بەرژەوەندییەكانی لە عێراق و دەرەوەش كراوەن بۆ كردنە ئامانج.

كەریم نووری سەركردەیەكی تری حەشدی شەعبی دەڵێت، لۆجیكی نییە كە گرووپەكانی حەشدی شەعبی ئەمەریكا بكەنە ئامانج، چونكە ئەوان سەر بە حكوومەتی عێراقن و بە فەرمانی ئەو كار دەكەن، بۆیە ئەوەی لەبارەی نیازی حەشدی شەعبی بۆ كردنە ئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق باس دەكرێت، تەنیا پاساوێكە بۆ ئەمەریكا بۆ جێبەجێكردنی ئەجینداكانی. بۆیە جەنگ لە نێوان ئەمەریكا و ئێران روونادات و ئەو گرژیەشی ئێستە هەیە لە رۆژانی داهاتوو نامێنێت.

شارەزایانی سیاسی و سەربازی و ستراتیجی بۆچوونی خۆیان لەو بارەوە هەیە و ئەوان دەڵێن هەڕەشەكانی ئێران و گرووپەكانی حەشدی شەعبی بەكردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە چوارچێوەی جەنگی دەروونی نێوان ئەمەریكا و ئێرانە و هیچ جەنگێك روونادات و ئەگەر رووشبدات ئەوە حەشدی شەعبی هیچ رۆڵێكی نابێت، سامر عیلی شارەزا و ئەكادیمست لە بواری زانستە سیاسییەكان ئاماژە دەكات كە هەڕەشەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی تەنیا گەردەلوولی ناو كووپێكە لەو تەنگژەی لە نێوان واشنتن و تاران سەری هەڵداوە. 

زیاتر گوتی، گرووپەكانی حەشدی شەعبی باش دەزانن كە هەر جموجۆڵێك لەدژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا مانای ئەوەیە كە دوا رۆژیان دەبێت لە مانەوەیان وەك هێزی چەكدار، چونكە ئەمەریكا خۆی بەشدار بووە لە چەكداریكردنیان و بە خاڵی هێز ولاوازیان دەزانێت، بۆیە كردنە ئامانجیان و لەناوبردنیان زیاتر لە یەك سەعات ناخایەنێت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای كرد، بەر لە چەند رۆژێك ریزی یەكەمی فەرماندە سەربازییەكانی عێراق لەگەڵ فەرماندەكانی حەشدی شەعبی كۆبوونەتەوە بۆ زانینی هەڵوێستیان لەبارەی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە، داوایان لێ كردوون هیچ كارێكی دەمارگیر لەدژی هێزەكانی ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانی لە عێراق نەكەن كە حكوومەت شەرمەزار دەكات و لێكەوتی گەورە و چاوەڕوان نەكراوی لێ دەكەوێتەوە. 

سەباح عەسكەری شارەزای تەناهی و سەربازی دەڵێت، ئەگەر جەنگ رووبدات رەنگە بەشێكی ئەو گرووپانە لەوانەی نزیكن لە ئێران هەڕەشەكانیان جێبەجێ بكەن، بەڵام ئەگەر رووبدات ئەمەریكا تەواوی حەشدی شەعبی دەكاتە ئامانج، بۆیە شارەزایان وای دەبینن كە ئەو جەنگە ئەگەر رووبدات جیاواز دەبێت و بەهێزترین جەنگ دەبێت كە ناوچەكە بەخۆیەوەی بینیوە.
   
فەلاح حەسەن شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە كە گرووپە چەكدارەكان لە عێراق بوێری ناكەن بۆ كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، چونكە ئەوان دەزانن كە هەر هێرشێكی لەو جۆرە ئەنجامی خراپی دەبێت بۆ سەر خۆیان و پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بەڵام هەر رەفتارێكی تاكلایەنەی ئەو گرووپانە بەسە بۆ هەڵگیرسانی ئاگری جەنگ و كردنەئامانجی ئەو گرووپانە لەلایەن ئەمەریكاوە كە ئەوكات هەموو باڵەكانی سەربازی ئێران لە عێراق و سووریا دەگرێتەوە.

محەمەد عەزیز شرۆڤەكارێكی تری سیاسی عێراقی ئاماژە دەكات كە ئەوەی روودەدات ئەمەریكا دەیەوێ سازش بە ئێران بكات و هەڕەشەكانی دروستبوونی جەنگیش كە دەكرێت لە زانستی سیاسەتدا باشترین رێگەیە بۆ سازشكردن بە بەرانبەرەكەت، هاوكات هەڕەشەی گرووپە چەكدارەكانی شیعەی عێراق بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا تەنیا جەنگی دەروونییە و هیچی تر، چونكە هەموویان باش دەزانن كە ناتوانن رووبەڕووی هێزی ئەمەریكا ببنەوە كە دەتوانێت بەچەند خولەكێك لەناویان ببات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل