كورتە فیلمی "فڕینی بەرد" لە سیناریۆ و دەرهێنانی سینەماكاری گەنج "هەردی حەسەن"، لە نوێترین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا، لە فێستیڤاڵی هاوینە بۆ كورتە فیلم "summershort festival" لە شاری میونخ بەشداری دەكات.
بڕیارە فێستیڤاڵەكە، لە ڕۆژانی 30 و 31ى مانگى ئاب، بە بەشداری بەرهەمی سینەمایی گەنجانی وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا لە چەندان بەشی جیاواز بەڕێوە بچێت.
كورتە فیلمی "فرینی بەرد" لە دوایین بەشداری خۆیدا لە فێستیڤاڵی دوبەی لە بەشی فیلم ماركێت "سینەتیك" ساڵی 2017 بەشداری كردووە، پێشتریش بوەتە براوەی یەكەمی بەشی كورتە فیلمی خەڵاتەكانی ڕوانگە لە ساڵی 2017، هەروەها لە سێیەمین دیداری نێودەوڵەتی سینەمای دژە تیرۆر لە ساڵی 2018، خەڵاتی باشترین دەرهێنانی وەرگرتوە.
هەردی حەسەن لە لێدوانێكی بۆ "وشه" گوتى، "كورتە فیلمی فڕینی بەرد كە دوەم كورتە فیلمی منە، لە درێژەی بەشداری لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەكان، بەشداری لە فێستیڤاڵی هاوینە بۆ كورتە فیلم دەكات لە شاری میونخ، وابڕیاریشە فێسیڤاڵە لە ڕۆژانی 30 و 31 ى مانگى ئابى ئهمساڵ بەڕێوەبچێت".
زیاتر گوتى، "ئێمە هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدەین كە فلمەكانمان دروست بكەین بۆ فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەكانی جیهان، بە ئامانجی ئەوەی كە دەست لەسەر بابەتێك دا بنێین و بیگەینین بە كۆمەڵگاكانی دیكە، كە ئەمەش ببێتە هۆی ئەوەی سینەمای كوردی بە هەموو شێوازێك بناسینێن و بە هەموو جیهانی بڵێین ئێمە وەكو كورد هەین، بەڵام ئەركە لە سەر كورد پاڵپشتی هونەری سینەما بكات، بۆ ئەوەی هەموو ئامانجە سیاسی و ئابورییەكانمان بپێكین بە رێگای سینەما".
شایهنى باسه ناوەڕۆكی فیلمەكە باس له مامۆستا كچێكی شاریە، لە لادێیەك وانە دەڵێتەوە، لەو لادێیە لە پەیوەندیی خوشەویستی دایە، لەگەڵ (شێرۆ)ی كوڕێكی لادێكە، لە نێوان كوڕی ئاغای لادێكە و (شێرۆ) و مرۆڤایەتی دەبێت دانەیەك هەڵبژێرێ.
فیلمەكە بە پاڵەوانیەتیی (محەمەد شێروانی و كاردینا هێمن و سیروان گلی)یە، لەگەڵ بەشداری هەریەك لە ئەكتەران (شاخەوان مستەفا و ئەحمەد مەحمود و مازی چین عەزیز)، جگە لەمە چەندین كۆمبارس تێیدا بەشدارن كە ژمارەیان نزیكەی (50) كەسە.