سبەی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراق دەكات

:: PM:03:20:24/05/2019 ‌
لەگەڵ گرژبوونی زیاتری دۆخی ناوچەی كەنداو هێنانی هێزی سەربازی زیاتری ئەمەریكا بۆ ناوچەكە و توندكردنی سزاكانی سەر ئێران و ناچاركردنی وڵاتانی ناوچەكە بۆ پابەندی بە سزاكان، سبه‌ى شەموو 25ى ئایار، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراق دەكات.

ئاژانسیه‌ ئێرانییه‌كان بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ وەزیری دەرەوە لەسەردانەكەیدا بۆ عێراق چاوی بە گەورە كاربەدەستانی عێراق دەكەوێت و پێوەندییە دووقۆڵییەكان و چەند دۆسیەكی هاوبەش تاوتوێ دەكات لەوانە پێوەندی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و دۆخی ناوچەكە لەدوای گرژییەكانی دوایی، جیا لە گفتوگۆكردن لەبارەی ناوەندگیرییەكەی عێراق لە نێوان واشنتن و تاران بۆ سووككردنی گرژی نێوانیان. 

تاكو ئێسته‌ ئاشكرا نه‌بووه‌ كه‌ وەزیری دەرەوەی ئێران سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌كات، به‌ڵام پێشتر ڕۆژى سێشەم 15ـی كانوونی دووەمى ڕابردوو بەسەردانێك گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆك حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لێكرا.

دوای سەپاندنی سزاكان بەسەر ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە، بەرپرسانی ئێران هەوڵ دەدەن پێوەندی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ عێراق بەهێزتر بكەن.


وشە - محەمەد میران