ئه‌و هه‌فته‌یه ئاراسته‌ى سه‌رۆكى حكوومه‌ت ده‌كرێت
پڕۆژه‌یاسایه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر بۆ سه‌رۆكى حكوومه‌ت به‌رز ده‌كرێته‌وه به‌مه‌به‌ستى "هه‌ڵگرتنى قه‌ده‌غه‌ى كارى تاكسی له پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى ئاسایش". خاوه‌ن كۆمپانیایه‌كى تا‌كسیی خێرا ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه 400 پێشمه‌رگه خۆیان تۆمار كردووه بۆ شوفێریى تاكسی.
له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا بۆ رێكخستنی كاری ته‌كسی و دوورخستنه‌وه‌ی كارمه‌ندانی ده‌زگه‌كانی ته‌ناهیی و ناوخۆ له‌و پیشه‌یه كه هه‌لی كاریان له هه‌زاران بێكار گرتبوو، وه‌زاره‌تی ناوخۆ به بڕیارێك شۆفێریی تاكسی له كارمه‌ندی ئه‌و ده‌زگایانه قه‌ده‌غه كرد، بڕیاره‌كه بووه جێی دڵخۆشی به‌وه‌ی كاروباری گشتیی له كوردستان رێك ده‌خرێته‌وه.
ئه‌و بڕیاره له كاتێكدا بوو مووچه‌ی پێشمه‌رگه به‌راورد به مووچه‌ی هێزه‌كانی ناوخۆ كه‌مه و زۆر پێشمه‌رگه هه‌ن كاری تر نه‌كه‌ن، ناتوانن ژیانێكی شایسته بكه‌ن. به‌ڵام له بری ئه‌وه‌ی ژیانی ئه‌وان باش بكرێ، هه‌وڵێك هه‌یه بۆ شكستپێهێنانی بڕیاره گرنگه‌كه‌ی حكوومه‌ت.
زیاد ئیسماعیل پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه و وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر كارێكى تر نه‌كات، بژێویى ژیانی به‌ڕێوه ناچێت، بۆیه قه‌ده‌غه‌ى كارى تاكسی بۆ ئه‌و كێشه‌یه و هیچ كارێكى تریش نازانێ بیكات.
ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه بۆ "وشه" گوتی، "تاكسییه‌كه‌م به 12 هه‌زار و 500 دۆلار كڕیوه، ئێسته به‌هۆى بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنه‌وه 11 هه‌زار دۆلار زیاتر ناكات، ئه‌وه‌یش جیا له له‌ده‌ستدانى كاره‌كه‌م، زیانێكى زۆرى داراییم پێده‌گه‌یه‌نێت".
"پێشتر ڕۆژانه 15 بۆ 20 هه‌زار دینار كارم ده‌كرد و بژێوى ڕۆژانه‌ى چوار منداڵ و خێزانه‌كه‌م ده‌رده‌هێنا، ئێسته ئه‌و داهاته رۆژانه‌م نه‌ماوه و گوزه‌رانمان قورس‌تر بووه". زیاد وای گوت.
سێبه‌ر عه‌باس خاوه‌نى كۆمپانیاى كارى تا‌كسیی خێرا، باس له‌وه ده‌كات كه دواى دامه‌زراندنى كۆمپانیاكه، ئۆفیسیان له شاره‌كان كرده‌وه و سی ڤیان وه‌رگرتووه بۆ كار. به‌گوته‌ی خۆی "400 سى ڤیى پێشمه‌رگه بۆ شۆفێری هاتووه".
سێبه‌ر بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، "كارى تاكسی لاى ئێمه‌ى 24 سه‌عاته، بۆیه پێویستمان به كه‌سانێكه له سه‌عات دووى شه‌و تا نۆى به‌یانى كار بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌یش زۆرترین سى ڤیمان ئاراسته كراوه و به‌شێكیان پێشمه‌رگه‌ن، به‌ڵام به‌هۆى بڕیاره‌كه‌ى حكوومه‌ت، نه‌مانتوانیوه وه‌ریان بگرین".
ده‌زگه‌كانی ته‌ناهیی و به‌رگریی له هه‌ر وڵاتێكدا چاوی خه‌ڵك و پارێزه‌ری خاكه‌كه‌یانن، بۆیه ژیانیان ده‌خرێته ژێر چاودێری و ئازاد نین له كاركردندا.
حاجى سه‌باح سه‌دره‌دین خاوه‌نى پێشانگه‌ى كڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێلى تاكسی، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه دا كه دواى بڕیاره‌كه ژماره‌یه‌كى زۆر پێشمه‌رگه و كارمه‌ندی ناوخۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌یان فرۆشتووه.
به‌گوته‌ی حاجی "تا ئێسته‌یش پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى ئاسایش هیوایه‌كیان هه‌یه ئه‌و بڕیاره هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و ده‌ست بكه‌نه‌وه به كاره‌كانیان، بۆیه به‌شێكیان ئۆتۆمبێله‌كانیان به‌ناوى برا و برازاى خۆیان كردووه و دڵیان نایه‌ت بیفرۆشنه‌وه".
به‌ڵام ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر رای ده‌گه‌یه‌نێت كه پڕۆژه‌یه‌كیان ئاماده كردووه و ئه‌م هه‌فته‌یه ئاراسته‌ى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و بڕیاره.
كه‌نعان خه‌یلانى سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر، بۆ "وشه" گوتی، "له دانیشتنى ژماره 67ی ئه‌نجوومه‌ن بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى كار، گفتوگۆ زۆر كرا، گه‌یشتین به‌و بڕوایه‌ی قه‌ده‌غه‌ى كارى تاكسی له هێزه‌كانى ئاسایش و پێشمه‌رگه پێویست نییه".
سه‌رۆكى فڕاكسیۆنى پارتى گوتى، "له‌كاتى كارى تاكسی له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى ئاسایش هه‌ر شتێكى گوماناوى هه‌بێت، ئه‌وان كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یش ماناى وایه له دواى ده‌وامیش له كاردان، بۆیه پێویسته ئه‌و بڕیاره پێداچوونه‌وه‌ى بۆ بكرێت و ڕێك بخرێته‌وه، هه‌روه‌ها له چه‌ندان وه‌زاره‌ت ئه‌و بڕیاره كێشه‌ى بۆ فه‌رمانبه‌ران دروست كردووه".
"ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه یان ئاسایشێك له كاتى پشووى خۆى بتوانێ كار بكات، كارێكى باشه و پێویسته ڕێز له‌وه بگیرێت، بۆیه پڕۆژه‌یاسایه‌كمان ئاماده كردووه و خه‌ریكى كۆكردنه‌وه‌ى واژووى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نین بۆ ئه‌وه‌ى بۆ سه‌رۆكى حكوومه‌تى به‌رز بكه‌ینه‌وه، ئه‌و بابه‌ته له‌لایه‌ن حكوومه‌ت باشتر تاوتوێ بكرێت و بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت". كه‌نعان واى گوت.