"بۆ داعش ته‌نیا كچی جوان و پاره گرنگ بوو"
"باسیما خه‌لیل ئیبراهیم" كچێكی ئێزیدیی /22 ساڵ/ خه‌ڵكی ناوچه‌ی قه‌بائیلی سه‌ربه شنگاله. ئه‌و له ساڵی 2014 سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی له ده‌ست دا و خۆیشی ماوه‌ی چوار ساڵ له‌لایه‌ن تیرۆرستانی داعشه‌وه مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی پێوه كراوه.
باسیما له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له‌وه ده‌كات كه بۆ داعش ته‌نیا كچی جوان و پاره گرنگه، ته‌نانه‌ت داعش بۆ پاره ئه‌وی به قاچاخ گه‌یاندووه‌ته توركیا و به كه‌سێكی نزیكی فرۆشتووه و ئێسته له كۆمه‌ڵگه‌ی شاریای سه‌ربه دهۆك ده‌ژی.
چۆن كه‌وتیته ده‌ست تیرۆرستانی داعش؟
كاتێك داعش ده‌ستیان به‌سه‌ر شنگال و ده‌وروبه‌ریدا گرت، ئێمه له ماڵه‌وه بووین، هه‌وڵی ئه‌وه‌مان دا رابكه‌ین، به‌ڵام نه‌مانتوانی و هه‌موومان كه‌وتینه ده‌ست داعش، دوای گرتنمان بۆ گوندی ته‌ل به‌نات سه‌ربه شنگال گوازراینه‌وه و 10 رۆژ له‌وێ بووین، به‌هۆی ئه‌و فشار و هه‌ڕه‌شه و توندوتیژییه‌ی له‌سه‌رمان بوو كه ده‌بێ مسوڵمان بین، ناچار به‌شێكی زۆر له خه‌ڵكی ئێمه ته‌نانه‌ت خۆم و براكانم و كه‌سوكارم مسوڵمانبوونی خۆمان بۆ ئه‌وان راگه‌یاند.
دواتر چی رووی دا؟
دوای ته‌ل به‌نات، بۆ ناوچه‌ی كۆچۆ گوازراینه‌وه و سێ مانگ له‌وێ بووین، له‌وێ كچ و ژن له پیاو جیا كراینه‌وه، هه‌ر كچێك جوان بووایه داعش بۆ خۆیان ده‌برد و هاوسه‌رگیرییان له‌گه‌ڵدا ده‌كرد، هه‌روه‌ها منداڵ و ژنه‌كانیش ده‌برانه شوێنێكی تر و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرا، زۆرترین ئازار و ترساندن له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ته‌له‌عفه‌ری به‌رانبه‌ر ئێزیدییه‌كان ده‌كرا، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن دوو كه‌سی داعش به‌ناوی "حاجی باقر و حاجی مه‌هدی" كه ته‌له‌عفه‌ری بوون.
دوای كۆچۆ بۆ ناوچه‌ی قه‌زلقیب گوازراینه‌وه كه سه‌ربه ته‌له‌عفه‌ره و ماوه‌ی مانگێك له‌وێش ماینه‌وه، دوای ته‌له‌عفه‌ر یه‌كسه‌ر بۆ مووسڵ گوازراینه‌وه، جارێكی تر له‌وێ كچ و ژن و منداڵ لێك جیا كراینه‌وه و به ئۆتۆمبێل بۆ ته‌له‌عفه‌ر ره‌وانه كراین و نۆ مانگ له‌وێ بووین، من له‌گه‌ڵ كچانی ته‌مه‌ن 18 ساڵ بووم، ئه‌و رۆژه دواین رۆژ بوو كه له دایكم جیا بوومه‌وه و تا ئێسته نه‌مبینیوه.
داعش له مووسڵ و ته‌له‌عفه‌ر چۆن له‌گه‌ڵتان ره‌فتاری ده‌كرد؟
جگه له جیاكردنه‌وه‌ی كچ و ژن و منداڵ و پیاو و په‌ككه‌وته، هه‌موو جۆرێكی نه‌هامه‌تی و ترس و لێدان به‌رانبه‌ر ئێمه و ئێزیدی و هه‌موو گیراوه‌كان به‌كار هێنرا، به هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌ك و چه‌قۆ و كوشتن، به زۆر ئێمه‌یان به مسوڵمان ده‌كرد، له ته‌له‌عفه‌ر ئه‌میر و به‌رپرسانی داعش كچانی جوانیان بۆ خۆیان ده‌برد، یه‌كێك له چه‌كدارانی داعش كه چه‌كدارێكی به ره‌گه‌ز رووسی و ته‌مه‌ن 40 ساڵ بوو، منی برده ماڵێك و بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له‌وێ ماینه‌وه، هه‌موو ده‌رگه و په‌نجه‌ره‌كان به ئاسن وه‌ك گرتووخانه‌یه‌كی تایبه‌تی لێ كرابوو، دواتر منی بۆ ئه‌میره‌كه‌ی خۆی برد، ئه‌و ئه‌میره سه‌ره‌تا وه‌ك خزمه‌تكار مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردم، دواتر ئه‌ویش منی به ئه‌میرێكی تر فرۆشت كه خه‌ڵكی ئه‌نبار و به‌رپرسار بوو له تۆقاندن، دوای ماوه‌یه‌ك ئه‌و ئه‌میره منی به ئه‌میرێكی له راده‌به‌ده‌ر پیس و مه‌ترسیدار فرۆشت كه خه‌ڵكی ته‌له‌عفه‌ر بوو به ناوی ئه‌بو عایشه، جگه له من چوار كچی تریشی كڕیبوون، ئه‌و چه‌كداره یه‌كێك بوو له گیراوانی عێراق بۆیه زۆر مه‌ترسیدار بوو، به‌و شێوه‌یه كڕین و فرۆشتنی به من و كچانی تری ئێزیدی ده‌كرد، واته داعش ته‌نیا كچی جوان و پاره‌یان بۆ گرنگ بوو.
داعشه‌كان له رێی ده‌رزییه‌وه نه‌یانهێشت دووگیان بم، زیاتر له 10 جار ده‌رزیم بۆ كراوه، به‌هۆی لێدان و كوتان و ئازاری داعش تا ئێسته شوێنه‌وار له‌سه‌ر جه‌سته‌م دیاره.
كاتێك لای داعش بووی ئه‌ركه ئاینییه‌كانی ئیسلامت جێبه‌جێ ده‌كرد؟
بێگومان له ترسی كوشتن، خۆم و ته‌واوی ئه‌و كچ و ژنانه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه گیرابووین، پێڕه‌وی نوێژ و رۆژوو و خوێندنی قورئان و هه‌موو كارێكی تری ئاینیمان ده‌كرد، دوای ئه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر بۆردمان كرا، ئێمه بۆ سووریا گوازراینه‌وه، سه‌ره‌تا چووینه ناوچه‌ی ڕه‌قه، دواتر بۆ ناوچه‌ی جامع نور، مه‌یادین، ئه‌عزاز، ده‌رگوش و چه‌ندان ناوچه‌ی تر.
له كوتایی ساڵی 2017 چه‌كدارانی داعش بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی باشتر ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، له رێی قاچاخه‌وه ئێمه‌یان گه‌یانده سنووری توركیا و ناوچه‌ی ئه‌نتاكیا و له‌ناو دارستانێكی چڕ جێگیر بووین.
ئه‌ی چۆن رزگار بووی؟
كاتێك گه‌یشتینه سنووری توركیا، تیرۆرستان ئێمه‌یان گه‌یانده ماڵی كه‌سێك نه‌مانزانی كێ بوو، به‌ڵام ئه‌و گوتی ئێوه ده‌به‌مه ئه‌نكه‌ره، ناوی منی نووسی و له رێی تایبه‌تی خۆیان ئێمه‌یان گه‌یانده ئه‌نكه‌ره، دواتر پێوه‌ندی به هه‌ندێ كه‌سوكاری نزیك له من كرد، بۆیه ئه‌و كه‌سه هاته توركیا و له ناوچه‌ی دیاربه‌كر یه‌كترمان بینی، دوای راده‌ستكردنی بڕی سێ ده‌فته‌ر دۆلار، له رێی سلۆپی و زاخۆوه هاتینه‌وه هه‌رێمی كوردستان و سوپاس بۆ خوا ئێسته له كۆمه‌ڵگه‌ی شاریا ده‌ژیم.
ئێسته ژیانت چۆنه؟
ئێسته لای كه‌سێكی ئێزیدی كه كه‌سوكاری منه ده‌ژیم. ئه‌و به پاره منی له ده‌ست داعش رزگار كردووه و ئێسته هیچ كێشه‌یه‌كم نییه، به‌ڵام چاره‌نووسی باوك و دایك و خوشك و براكانم نادیاره، بۆیه داوا له لایه‌نی پێوه‌ندار و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م هاوكار بن بۆ رزگاركردنی كه‌سوكار و كچان و ژنانی ئێزیدی، چونكه رۆژانه له‌لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه سووكایه‌تییان پێ ده‌كرێت و ئازار ده‌چێژن، داواكارم یارمه‌تی رزگاربووه‌كانیش بدرێ كه زۆر پێویستییان به یارمه‌تی هه‌یه.
وشه/ دهۆك - نه‌وزاد هلۆری