په‌له‌وه‌رگه هه‌یه 14 ساڵه هیچ كارمه‌ندێكی سه‌ر به وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ سه‌ری پێدا نه‌كردووه
به‌هۆی تامی پڕۆتین و ده‌رمان و بۆن سارده‌وه، مریشكی په‌له‌وه‌رگه‌كانی سنووری هه‌ولێر له بازاڕه‌كان كڕیاریان نییه، بۆیه مریشكی دهۆك به نرخی گرانتره‌وه پڕفرۆشه، له‌وناوه كه‌سانێك مریشكی هه‌ولێریان به‌ناوی دهۆك پێ ده‌فرۆشرێت و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش، گۆڕه‌پانه‌كه‌ی بۆ خاوه‌ن په‌له‌وه‌رگه‌كان چۆڵ كردووه.
سه‌رباری یاساغكردنی مریشكفرۆشتن له گه‌ڕه‌ك و بازاڕه‌كانی هه‌ولێر له ڕابردوو، ئێسته مریشكفرۆش هه‌موو كووچه و كۆڵان و بازاڕه‌كانی هه‌ولێری ته‌نیوه و ڕۆژانه چه‌ندان تۆن ساغ ده‌كه‌نه‌وه. له دووكانی مریشكفرۆشانی هه‌ولێر دوو جۆر مریشك هه‌ن و تا مریشكی سنووری پارێزگای دهۆك هه‌بێت ته‌نانه‌ت به نرخی گرانتریش، كه‌س به‌لای مریشكی په‌له‌وه‌رگه‌كانی هه‌ولێردا ناچێت، ئاخر تامی ده‌رمان و پڕۆتین و بۆن ساردیان، بێ نرخی كردوون و زۆر خه‌ڵك به‌و هۆیه‌وه فێڵی لێ ده‌كرێت و مریشكی هه‌ولێری به دهۆك پێ ده‌فرۆشرێت و كه‌سیش نییه به‌دواداچوونیان بۆ بكات.
له بازاڕی ته‌یراوه‌ی هه‌ولێر كۆمه‌ڵێك مریشكفرۆش به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌ن، مریشكه‌كان له چه‌ند قه‌فه‌سێكی جیای ئاسنین چاوه‌ڕێی سه‌ربڕینن، مریشكی قه‌فه‌سه‌كان نابێت تێكه‌ڵ به یه‌كتر ببن، ئاخر ئه‌وانه به‌رهه‌می دوو شوێنی جیاوازن و به‌هۆی خواسته‌وه یه‌كیان له‌ویتر به‌نرختره.
له‌و بازاڕه كوردۆ یوسف مه‌عرووف كه مریشكی هه‌ولێر و دهۆك ده‌فرۆشێ، به"وشه" ده‌ڵێ "خه‌ڵكی زیاتر مریشكی دهۆك ده‌بات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌خۆش نین و وه‌ك مریشكی په‌له‌وه‌رگه‌كانی هه‌ولێر تامی پرۆتین و ده‌رمان و بۆن ساردیان لێ نایه‌ت".
كه‌مێك ئه‌ولاتر، مریشكفرۆش ئیبراهیم شكور ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه لای ئه‌ویش، "مریشكی دهۆك زیاتر سه‌رف ده‌بێت"، له سه‌رووی ئه‌ویشه‌وه دووكانی فه‌رهاد حه‌مه‌د ته‌ها هه‌یه كه ته‌نیا مریشكی دهۆك ده‌فرۆشێت، خۆی گوتی، "چه‌ند جارێك مریشكی هه‌ولێرم هێنا، به‌ڵام تامیان زۆر ناخۆش بوو، بۆیه ئێسته ته‌نیا دهۆك و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر ده‌فرۆشم و خه‌ڵك مریشكی هه‌ولێر ناخۆن".
له‌و بازاڕه نرخی كیلۆیه‌ك مریشكی هه‌ولێر دوو هه‌زار و 250 دیناری عێراقییه، هی دهۆك دوو هه‌زار و 750 دیناره. به‌گوته‌ی دووكانداره‌كان، مریشكی دهۆك نرخه‌كه‌ی 250 تا 500 دینار گرانتره. ئه‌وان كه ساڵانێكه مریشك ده‌فرۆشن باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه زۆر له په‌له‌وه‌رگه‌كانی هه‌ولێر عه‌له‌فی خراپ و ڕۆنی ئێكسپایه‌ر و خراپ به مریشك ده‌ده‌ن.
هه‌ر له بازاڕی ته‌یراوه كه‌سانێك هه‌ن هێشتا باوه‌ڕیان نییه ئه‌و مریشكانه هی دهۆك بن. مریشكفرۆش ئه‌حمه‌د سه‌ڵاح بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه دا، "ڕاسته مریشكی دهۆك له‌وانه‌ی هه‌ولێر خۆشتره، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له بازاڕن هیچی هی دهۆك نین و هه‌مووی مریشكی هه‌ولێرن".
"وشه" بۆ ئه‌وه‌ی له بوونی مریشكی دهۆك له بازاڕه‌كانی هه‌ولێر دڵنیا ببێته‌وه، چه‌ند مریشكفرۆشێكی كۆفرۆشی دوواند.
محه‌مه‌د كانه‌بی مه‌حموود له نووسینگه‌ی نانه‌كه‌لی بۆ فرۆشتنی مریشك به كۆ، به"وشه"ی راگه‌یاند، "مریشك له دهۆكه‌وه ده‌هێنرێته هه‌ولێر و ڕه‌نگه 50%ی مریشكی بازاڕه‌كانی هه‌ولێر هی دهۆك بن".
حه‌یده‌ر محه‌مه‌د ئه‌بابه‌كر كۆفرۆشی مریشك هه‌ر له هه‌ولێر، بوونی مریشكی دهۆك له بازاڕی شاره‌كه‌ی پشتڕاست ده‌كاته‌وه. هێمن سه‌عید مریشكفرۆش به كۆ، بۆ "وشه" دڵنیایی ده‌دات، "ئێمه مریشك له دهۆكه‌وه ده‌هێنین كه تامیان زۆر له‌وانه‌ی هه‌ولێر خۆشتره و نرخه‌كه‌یشی به كۆ 50 دینار هه‌رزانتره".
خواستی هه‌ولێرییه‌كان له‌سه‌ر مریشكی دهۆك وایكردووه زۆریان مریشكی شاره‌كه‌ی خۆیان به گرانتر و به‌ناوی دهۆكه‌وه پێ بفرۆشرێته‌وه، هێمن و حه‌یده‌ر و محه‌مه‌د كۆفرۆشه‌كانی مریشك ئاشكرای ده‌كه‌ن، "كه‌سانێك هه‌ن مریشكی هه‌ولێر له ئێمه ده‌كڕن و به‌ناوی دهۆكه‌وه به گرانتر له بازاڕ ده‌یفرۆشنه‌وه".
بۆ جیاكردنه‌وه‌ی مریشكی دهۆك له‌وانه‌ی هه‌ولێر، مریشكفرۆشانی كۆ ڕای ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وانه‌ی دهۆك چوست و چالاكن و ڕه‌نگیان سپی و خاوێنه، قاچه‌كانیان زه‌رد و پۆپنه‌یان سووری تۆخه.
"وشه" ئه‌مجاره به‌دوای هۆی ناخۆشیی تامی زۆر له مریشكی په‌له‌وه‌رگه‌كانی هه‌ولێردا چوو و ده‌ركه‌وت، هۆكاره‌كه‌ی پێدانی ده‌رمانی زۆر و جۆرێك له عه‌له‌فی خراپ و جۆره پرۆتینێكه كه له بازاڕه‌كاندا به‌های بۆ مریشكی هه‌ولێر نه‌هێشتووه‌ته‌وه.
هێمن سه‌عید مریشكفرۆش به كۆ، باس له‌وه ده‌كات كه جوچكه و عه‌له‌فی هه‌ولێر و دهۆك هه‌ریه‌كه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی دهۆك له دوای 10 ڕۆژه‌وه ده‌رمانیان پێ ناده‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌خۆشی ئه‌وانه‌ی هه‌ولێر تا ده‌فرۆشرێن ده‌رمانیان پێ ده‌درێت. حه‌یده‌ر محه‌مه‌د كه هاوپیشه‌ی هێمنه، گوتی، "ئه‌و بۆنه سارده‌ی له هه‌ندێك مریشكی هه‌ولێر دێت، هی عه‌له‌فی پڕۆتینی ماسییه كه هه‌ندێك خاوه‌ن په‌له‌وه‌رگه له‌به‌ر هه‌رزانی به‌كاری دێنن".
جگه له‌وانه، ئارام محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د توێژه‌ری زانستی ئاژه‌ڵداری، هۆی تر ده‌خاته ڕوو، ئه‌و كه له ساڵی ٢٠١٥ له به‌ریتانیا ماسته‌ری له‌سه‌ر خۆشگوزه‌رانی و هه‌ڵسوكه‌وتكردنی دروستی ئاژه‌ڵ به‌ده‌ست هێناوه، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، "له‌ڕووی باڵه‌خانه‌وه په‌له‌وه‌رگه‌كانی به‌ریتانیا جیاوازییه‌كیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی خۆمان نییه، كه‌چی تامی مریشكی به‌ریتانیا و كوردستان، جیاوازییان ئاسمان و زه‌وییه".
به‌گوته‌ی خۆی "هۆی ئه‌وه نه‌بوونی هۆشییارییه له‌سه‌ر خۆشگوزه‌رانی ئاژه‌ڵ كه تا ئێسته له كوردستان بایه‌خی نییه".
ئارام بۆ "وشه" ده‌ڵێ "خۆشگوزه‌رانی ئاژه‌ڵ له‌سه‌ر چوار بنه‌مای سه‌ره‌كی (ته‌ندروستی باش، عه‌له‌فی باش، شوێنی شیاو و مامه‌ڵه‌ی ته‌ندروست) داڕێژراوه، له شوێندا پێویسته تا ئاستێك بواری جووڵه‌یان هه‌بێت و به‌و شێوه‌یه‌ی لای خۆمان نه‌ئاخنرێن، جۆری خواردن و چه‌ندیی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و هه‌موو ئه‌وانه‌ش پێویسته له‌ژێر ڕێنوێنیی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵدا بن".
ئارام محه‌مه‌د كه دوو ساڵ له به‌ریتانیا ماوه‌ته‌وه، شوێنی فرۆشتنی مریشك له بازاڕه‌كان به كاره‌سات له قه‌ڵه‌م ده‌دات و باس له چاودێری لایه‌نی پێوه‌ندیداری ئه‌وێ ده‌كات كه خاوه‌ن په‌له‌وه‌رگه‌كان به‌بێ پشكنین به‌هیچ جۆرێك ناتوانن مریشك داخه‌ن و خۆیان عه‌له‌ف بكڕن و هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن وه‌ك ئه‌وانه‌ی كوردستان كه خاوه‌نه‌كه خۆی هه‌موو شته.
ئه‌و هۆشداری ده‌دات كه مریشك له دوو كیلۆ زیاتر نه‌یه‌ته كڕین، چونكه تا كێشی زیاتر بێت ده‌رمانی زیاتری پێ دراوه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌بێت.
له وڵاتان كه چاودێری په‌له‌وه‌رگه‌كان هێنده تونده، له كوردستان به‌ڕه‌ڵا كراوه و محه‌مه‌د نانه‌كه‌لی كه خۆی په‌له‌وه‌رگه‌ی هه‌یه، به"وشه"ی راگه‌یاند، "نه ئێمه وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ده‌ناسین نه ئه‌وانیش ئێمه ده‌ناسن و هیچ پێوه‌ندیمان به‌یه‌كه‌وه نییه".
قه‌هار ڕۆسته‌م ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه "شه‌ش ساڵه ده‌واجنم هه‌یه و تا ئێسته كارمه‌ندێكی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵم نه‌دیتییه". حه‌یده‌ر محه‌مه‌د ئه‌بابه‌كر كه په‌له‌وه‌رگه‌ی هه‌یه له هه‌ولێر، به سه‌رسوڕمانه‌وه ده‌پرسێ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه له كوێیه؟. زیاتر گوتی "14 ساڵه ده‌واجنم هه‌یه كه‌س سه‌ردانی نه‌كردیمه".
ماوه‌ی 14 ساڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سامانی ئاژه‌ڵ و ڤێتێرنه‌ری سه‌ربه وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو به پێدانی ڕێنوێنیی و به‌مه‌به‌ستی چاودێریكردنیان، په‌له‌وه‌رگه‌كانی هه‌ولێریان به‌سه‌ر نه‌كردبێته‌وه، ناكرێ چاوه‌ڕێی باشتر بكرێت، كاتێك به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌ر به ویژدانی خاوه‌ن په‌له‌وه‌رگه سپێردراوه، كاری هه‌ندێكیان به‌های بۆ مریشكی هه‌ولێر نه‌هێشتووه و ئه‌و خاوه‌ن په‌له‌وه‌رگانه‌ی داخ كردوون كه كاره‌كه‌یان به‌دروستی ده‌كه‌ن.
وشه/به‌دواداچوونی چواس خالید