گەرما ژینگەپارێزان دەباتە گوندەكان

:: AM:09:51:25/05/2019 ‌

بەمەبەستی هۆشیاركردنەوە و لەبەرچاوگرتنی مەترسییەكانی وەرزی گەرما و ئاگركەوتنەوە، ژینگەپارێزانی پێنجوێن هەڵمەتی گەڕانی گوند بە گوندیان بۆ هۆشیاركردنەوەی دانیشتوانی گوندەکان و بەتایبەت گوندە سنوورییەكان لەزیانەكانی وەرزی ئاگركەوتنەوە و سوتانی دارستانەكان بەڕێوە دەبەن.

ئەمڕۆ شەموو 25ی ئایار، بەختیار عەلی جێگری سەرۆكی رێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستنی ژینگە لە پێنجوێن، بە "وشە"ی راگەیاند، لەئێستادا كە پلەكانی گەرما روویان لە بەرزبوونەوە كردووە، پێنجوێنیش وەك یەكێك لە ناوچە سنووری و كوێستانەكانی كوردستان، خاوەنی رێژەیەكی بەرچاوی سەوزایی و دارستانی سروشتیە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بۆ پێدانی زانیاری و هۆشیاركردنەوەیان لە مەترسییەكانی وەرزی گەرما و ئاگركەوتنەوە، وەك رێكخراوەكەمان لە سنووری پێنجوێن هەڵمەتی گوند بە گوندمان دەست پێ کردووە، و دەمانەوێت بە لەبەرچاوگرتنی رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە و سوتانی دارستانەكان و ژینگەكەمان لە ساڵانی رابردوودا، بۆ ئەمساڵ هەڵمەتی وشیارکردنەوەی دانیشتووانی سەرجەم گوندەکانی پێنجوێنمان راگەیاندووە.

"ئەم هەڵمەتە شەوانی مانگی رەمەزان ئەنجامدەدرێت و هەر شەوێك دەچینە گوندێك و لە نزیكەوە لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی و ریش سپیو ئەو كەسانەی قسەیان لەناو گەنجان و دانیشتووانی گوندەکان كاریگەرە، كۆدەبینەوە" بەختیار عەلی وای گوت.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورە و رێكخراوی ملەكەوە تاكە رێكخراوی ژینگەیی سنوورەكەیە و ساڵانێكە لەبواری هۆشیاری و گرنگیدان بە ژینگە كار و چالاكییەكانیان بەردەوامە.

وشە/ رێبین پێنجوێنی



وشە - هیدایه‌ت جان