لەلایەن كارمەندانی كۆكردنەوی زبڵ و خاشاك ماوەی دوو ڕۆژە لە گەڕەكەكانی هەولێر لەگەڵ كۆكردنەوە پارەی زبڵ و خاشاك، داوای جەژنانە دەكەن و لە ئەگەری پێنەدانی جەژنانە نیشانەیەك لەسەر دەرگاكە جێدەهێڵن.
ئەمڕۆ شەموو 25ـی ئایار، بەپێی بەدوادچوونێكی "وشە" لە گەڕەكەكانی زانكۆ و 92 و حەسارۆك و كوێستان لەلایەن كارمەندانی كۆكردنەوە زبڵ و خاشاك، لەكاتی كارەكەیان داوای پارەی جەژنانەیان كردووە و كەمتر لە پێنج هەزار دیناریان وەرنەگرتووە.
ڕێبوار سەدرەدین دانیشتووی گەڕەكی زانكۆ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، چەند كەسێك بە ئێلەگی سەوز و لۆگۆی شارەوانی سەر بە كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی زبڵ و خاشاك داوای پارەی جەژنانەیان لە ماڵان كردووە لە سێ هەزار كەمتر نەبێت، هەرماڵێك پارەی نەدابێت بەقەڵەم ماجیك زەڕبیان لە دەرگاكە داوە وەك ئاماژەیەك كە ئەو ماڵە پارەی نەداوە.
ئەو هاووڵاتییە گوتی، ئەو كەسانە ڕاستە خزمەتی گەڕەكەكانی هەولێر دەكەن، بەڵام ئەوان بەپێی ڕێككەوتنیان لەگەڵ كۆمپانیا مووچە وەردەگرن، بۆیە پێویست ناكات بارگرانی بەسەر هاووڵاتییان دروست بكەن، هەروەها پێویستە بەرپرسانی شارەوانی هەولێر بەدواداچوونێك بۆ ئەو بابەتە بكەن.