ئاگرێك لە بازاڕی هەولێر كەوتەوە

:: AM:11:49:25/05/2019 ‌
كەمێك پێش ئێستە ئاگرێك لە شەقامی 30 مەتر نزیك پردی سەیداوە كەوتەوە و تا ئێستە زیانەكان نەزانراوە.

ئەمڕۆ شەموو 25ـی ئایار، سەمیر بێستوون كاسباری لەناو بازاڕی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سەعات 11 ئاگرێك لە شەقامی 30 مەتری نزیك پردی سەیداوە بەرانبەر كۆلێژی شەریعە دروست بووە.

ئەو هاووڵاتییە گوتی، ئاگرەكە لە كۆگایەكی فرۆشتنی كەلوپەلی كارەبایە و تیمەكانی بەرگری شارستانی هەولێر لە شوێنی ڕووداوەكەن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری پێوەندی بە بێوار زەیدی گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر كرد، وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.

كۆتایی ساڵی ڕابردوو دوو ئاگری گەورە لە هەولێر كەوتەوە، بە هۆیانەوە زیانێكی زۆری مادییان بەدوای خۆیاندا هێنا كە یەكێكیان بازاڕی سێبیرانی ناو بازاڕی گەورەی قەیسەری بوو، ئەوەی تریش بازاڕی لەنگە بوو كە زیانەكانی چەند ملیار دینارێك بوو و تەواوی بازاڕەكە سووتا و دووبارە دروست كرایەوە.






وشە - رامیار جەواد