گەرما هات و نەهامەتی شۆفێران دەستی پێ كرد

:: PM:01:03:25/05/2019 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی گەرما، گرفتی بەنزین سەرهەڵدەداتەوە و ساڵانە بەهۆی خراپی و كوالێتی بەنزین ئۆتۆمبێلەكان تووشی گرفت دەبن و هەندێك جاریش دەگاتە ئاستی سووتانی ئۆتۆمبێل هۆكارەكەشی خراپی كوالێتی بەنزینە.

بەپێی پشكنینەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی و لیژنەی وزە و پیشەسازی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەركەوتووە، ژمارەیەك لە بەنزینخانەكان كوالێتی و ئۆكتانیان دابەزیوە، ئەندامێكی ئەو لیژنەیەش دەڵێت، خراپی كوالێتی بەنزین هۆكاری گڕتێبەربوون و دروستبوونی گرفتە بۆ ئۆتۆمبێل.

ئەمڕۆ شەموو 25ی ئایار، سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشه"‌ی راگەیاند، چاودێریكردن و پشكنینی هاوردەی بەنزین بەردەوامەو هەر بەنزینێك بەپێی مەرج و رێنوێنییەكان نەبێت رێ نادرێت بێتە ناوەوە و دابەش بكرێت بەسەر بەنزینخانەكان. 
زیاتر روونی دەكاتەوە، ئۆكتانی بەنزین بۆ هەر سێ جۆری بەنزین كە نۆرماڵ و موحەسەن و سۆپەر جیاوازە و جۆری نۆرماڵ دەبێت ئۆكتانەكەی لە 91 بۆ 92 بێت، جۆری موحەسەن 93 بۆ 94 و بەنزینی سۆپەر ئۆكتانەكەی بەرزە و 97 بۆ 98 دەبێت.

"هەر یەكێك لەو جۆرانەی بەنزین ئەگەر كوالێتی و ئۆكتانیان كەم بوو دەبنە هۆی دروستبوونی گرفت و هەندێك جاریش ئەگەر بەنزینەكە زۆر خراپ بێت، دەبێتە هۆی سووتانی ئۆتۆمبێلەكە.

كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە وەرزی هاویندا پێویستە پەستانی بەنزین كەم بكرێتەوە چونكە ئەو پەستانە لە كاتی گەرمادا دەبێتە هۆی زۆربوونی هەوا لە تانكی ئۆتۆمبێل و لە ئەنجامدا تەقینی تانكی دروست دەبێت و سەر ئەنجام سەر دەكێشێت بۆ سووتانی ئۆتۆمبێلەكە.

دووپاتی دەكاتەوە، لە گەرمادا دەبێت پەستانی بەنزین له سەدا‌ 61 زیاتر نەبێت، بەڵام بەشێكی زۆر لە بەنزینخانەكانی سلێمانی پەستانیان له سەدا‌ 71ە  ‌و ئەوەش مەترسیدارە و گرفت بۆ شۆفێر و ئۆتۆمبێلەكان دروست دەكات. ئەگەر پەستانی بەنزین لە بەنزینخانەكان دانەبەزێنرێت گرفتێكی زۆر بۆ شۆفێران لەم وەرزەدا دروست دەبێت.

محەمەد وەهاب ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ "وشە"ی روون كردەوە، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، ژمارەیەك لە بەنزینخانەكانی سلێمانی كوالێتییان دابەزیوه ‌و بەپێی ئەو پشكنینانەی ‌ لە لایەن لیژنەی سوتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی كراوه،‌ دەركەوتووە هەندێك لەو بەنزینخانانە كوالێتییان خراپە.

وەك ئاماژەشی پێ دەدات، خراپبوونی كوالێتی بەنزین لە وەرزی هاوین و گەرما دەبێتەوە هۆی دروستبوونی كێشەو گرفت بۆ ئۆتۆمبێل و هەندێك جار دەبێتە هۆی سووتانی ئۆتۆمبێل كە هۆكارەكەی بەنزینی خراپ و بێ كوالێتییە و دەبێت لەگەڵ گەرمبوونی كەشوهەوا گۆڕانكاری لە پەستانی بەنزین بكرێت، چونكە پەستانی بەنزین لە وەرزی باران و زستان جیاوازە لە پەستانی بەنزین لە وەرزی گەرما و هاوین.

ساڵانە بەنزین گرفت بۆ دەیان شۆفێر و ئۆتۆمبێل دروست دەكات و لە هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە لە وەرزی هاوین و گەرما بەهۆی خراپی بەنزین و جێبەجێنەكردنی هەندێ رێنمایی لە لایەن شۆفێرانەوە بۆ وەرزی گەرما، ئۆتۆمبێلەكانیان توشی وەستانی فیول پەمپ دەبن و هەندێكجار دەگاتە حاڵەتی سووتانی ئۆتۆمبێلەكە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان