پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات، لە شارۆكەی قەڵادزێی دەڤەری ڕاپەڕین دوو ژن سووتان و یەكێكیان گیانی لە دەست داوە.
ئەمڕۆ شەموو 25ـی ئایار، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوێنێ ژنێك لە شارۆكەی قەڵادزێ سووتا و ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەكەی گیانی لە دەست دا.
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای كرد ژنێكی تر ئەمڕۆ سووتاوە و دواتر زانیاری لەسەر بڵاو دەكەینەوە كە ڕێژەی سووتانەكەی چەند و هۆكاری سووتانەكەی چی بووە.
ئاشكرای كرد، لەلایەن بنكەی پۆلیسی ئەو شارۆكەیە پەراوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە و لە هۆكاری ڕووداوەكە بەدواداچوون دەكرێت.
ساڵی ڕابردوو یەكێك لە ڕووداوەكانی سووتان دەنگدانەوەی زۆری لێ كەوتەوە سووتانی سێوان و منداڵەكانی بوو كە تا ئێستە كەیسەكە بە ئەنجام نەگەیشتووە، بنەماڵەی سێوان پەنجەی تۆمەت بۆ هاوسەری سێوان درێژ دەكەن كە ئەو سێوانی سووتاندووە.