یەك فەردە حەبی بێهۆشی دەگیرێت

:: PM:03:15:08/01/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین، گرتنی یەك فەردە حەبی بێهۆشی لە شێوەی هاڕاوە لە ناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكاب " دێر" ڕادەگەیەنێت.

مقەدەم محەمەد فازڵ بەڕێوەبەری  ئاسایشی راپەڕین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوو كەسمان گرتووە كە لە ناو ئۆتۆمبێلێكدا فەردەیەك حەبی هاڕاوە هەبووە و شاردبوویانەوە، گومان دەكرێت حەبی وردكراوی هۆشبەر بێت.

بەڕێوەبەری ئاسایشی راپەڕین دەڵێت، گرتنی فەردە هاڕاوەكە بە هاوكاری یاریدەدەرێتی ئاسایشی قەڵادزێ لە چالاكییاندا بوو و دوو كەسیش گیراون، كە ئۆتۆمبێلێكی جۆری دێری رەنگ سووریان پێ بووە و دوای پشكنین لەناو بۆنیتی ئۆتۆمبێلەكەدا فەردەیەك مادەی هاڕاوەی سپی دۆزراوەتەوە.

مقەدەم محەمەد ئاشكرای دەكات، ئێستە بە پێی مادەی 14 لە یاسای تیرۆر دوو هاووڵاتییەكە گیراون، لێكۆڵینەوە بەردەوامە لە ڕووداوەكە و گومان دەكرێت مادەی هۆشبەر بێت.

لە ماوەی ڕابردوودا دوو گرووپ لە سنووری پشدەر هاتنە گرتن، لە یەكێك لەم گرووپانە ئافرەتێك بەشداربوو، سنووری ناوچەی پشدەر پێك هاتووە لە شارۆكەی ڕانیە و لەگەڵ شارۆكەی قەڵادزێ و چوارقوڕنە لە ساڵی 2014 لە پەرلەمانی كوردستان بە سنووری ئازادیی ناسێندراوە.



وشە - رامیار جەواد