شارەزایان: بژارەكانی ئێران لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ بەرەو رووخانی دەبەن

:: PM:05:09:25/05/2019 ‌

لەناو ئاڵۆزی پەرەسەندووی نێوان تاران و واشنتن، سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە دووجۆر مووشەكی نوێی زۆر نهێنی هەیە و توانای تێكشكاندنی كەشتییە جەنگییەكانی ئەمەریكایان لە ناوچەكە هەیە، ئەگەر ئەمەریكا هەر سەركێشییەك لەدژی ئێران بكات. 

مورتەزا قوربانی راوێژكاری باڵای فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران لە گرنگی رەوانەكردنی واشنتن بۆ كەشتییە جەنگییەكانی بۆ كەنداو كەم كردەوە و گوتی، ئەگەر فڕۆكەهەڵگرەكەی ئەمەریكا هەر كارێكی دەبەنگانە ئەنجام بدات، ئێران دوو جۆر مووشەكی نوێی هەیە ئەو كەشتییە بە فڕۆكە و سەرنشینەكانی نقوومی دەریا دەكات. زیاتر گوتی، ئەگەری جەنگ دوورە و مەبەستی ئەو هەڕەشانەش تۆقاندنی گەلی ئێرانە بۆ دوورخستنەوەیەتی لە رژێمی كۆماری ئیسلامی. بۆیە داوای جەنگ ناكەین، بەڵام وڵامی هەر دەستدرێژییەك دەدەینەوە.

جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە هەڕەشەكانی هەواڵگری لەبارەی ئێرانەوە رژد و قووڵن، ئەو تارانی بەوە تۆمەتبار كرد كە لەپشت هێرشەكانی دواییە لە كەنداو بۆسەر كەشەتییەكانی بازرگانی و لوولەكانی گواستنەوەی نەوت، بۆیە ئەو كارانەی دوایی ئێران و لایەنگرانی مایەی نیگەرانییە، ئاشكرای كرد كە زانیاری هەواڵگری گەیشتووەتە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ لەبارەی هەڕشەكانی ئێران و هێرشەكانی كەنداو و بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغدا نیگەرانی لەبارەی ئێران و باڵەكانی دروست دەكەن.

ئەو قسانەی بۆڵتن دوای رۆژێك دێت لە راگەیاندنی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بەوەی ئیدارەی ئەمەریكا پرس بە كۆنگرێس ناكات بۆ فرۆشتنی 8.1 ملیار دۆلار بۆ هەریەك لە سعوودیە و ئیمارات و ئوردن بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئێران.

ئەگەرچی ئەگەرەكانی هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا لەبەر چەند هۆكارێكی پێوەست بە حیساباتی ناوخۆی ئەمەریكا و سەرانی ئێرانیشەوە لاوازە و نەگەیشتووەتە ئاستی دروستبوونی جەنگ، بەڵام بۆ ئێران ناتوانرێت بژارەی جەنگ دووربخرێتەوە، بۆیە شارەزایان باسی بژارەكانی بەردەم ئێران دەكەن لەئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئەمەریكا كە رەنگە جەنگێكی گشتگیر بێت یان لێدانی ئامانجە سەربازییەكانی ئێران وەك دامەزراوە ئەتۆمییەكان و سیستەمی مووشەكی و بنكە و بارەگاكانی سوپای پاسداران یان ژێرخانی ئەو وڵاتە و سەنتەرەكانی پێوەندیكردن و كۆنترۆڵكردن دەكرێتە ئامانج. 

ئەگەری زۆرە كە كاردانەوەی ئێران لەبەرانبەر هەر هێرشێكی ئەمەریكا پشت بە بوونی هێزی هێرشبەر و ئامانجەكانیان دەبەستێت، ئەگەریش هەیە كە ئێران وڵامدانەوەی ئەوتۆی نەبێت وەك ئەوەی لە سووریا لەبەرانبەر هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل دەیكات، بەڵام ئاماژەكان دووپاتی دەكەنەوە كە یەكەم بژارەی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا بریتییە لە رووبەڕووبوونەوەیە لە رێگەی باڵەكانیەتی لە عێراق و سووریا و لبنان و یەمەن،  بەڵگەی ئەوانەش هێرشەكەی كەنداو بوو بۆ سەر چەند كەشتییەك لە لێواراوەكانی ئیمارات و هێرشی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی حوسییەكان بوو بۆ سەر ئامانجە نەوتییەكانی سعوودیە، هەروەها راگەیاندنی ئەمەریكا كە حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس پلانی مووشەكبارانكردنی ئامانجەكانی ئەمەریكای لە عێراق و سووریا و كەنداو هەیە. 

پێ دەچێت ئەو بژارە خوازراو بێت لەلایەن سەرانی ئێران، بەتایبەتی دووپات لە توانای هەرێمی ئێران دەكاتەوە لەلایەك و لەلایەكی تر هیچ ئەرك و زیانێكی بۆ ئەو تیادا نییە، وەك چۆن ئیدانەی هێرشەكەی كەنداو و دان نەنان بە هێرشەكانی سەر سعوودیە و لە عێراق و سووریاش داعش هەیە و بەرپرسیارەتی هەر هێرشێك لەدژی ئەمەریكا دەخرێتە ئەستۆی ئەوانەوە.

بژارەیەكی تری بەردەم ئێران داخستنی گەرووی هورمزە لەبەردەم هاتوچۆ و بازرگانی نەوتی دنیایی، بەڵام پێ دەچێت ئەو پرسە پێوەست بێت بە بانگەشەكانی ئێران كە بەئاشكرا و نهێنی ئەو هەڕەشەی هەر كردووە، بەڵام بەدرێژایی ماوەی هەڕەشەكانی دای نەخستووە، چونكە باش لە سەختی ئەو كارەی دەزانێت كە ئەمەریكا دەتوانێت بەزەبری هێز بیكاتەوە، دواتر داخستنی واتە دروستبوونی پاساوی جەنگ لەدژی ئێران و لەدەستدانی ئێران بۆ هاوپەیمانەكانی وەك رووسیا و چین و هیتریش، جیا لەوەی داخستنی زیان بە خودی ئێران دەگەیەنێت و گەمارۆی سەری و هاوپەیمانەكانیشی وەك عێراق توندتر دەكات، بۆیە شارەزایان پێیان وایە ئێران لەیەك حاڵەت ئەو كارە دەكات ئەگەر بڕیاری دابێت بچێتە ناو جەنگەوە. 

رەنگە ئێران بتوانێت لە رێگەی حزبوڵای لبنانییەوە مووشەكبارانی ئیسرائیل بكات بۆ راكێشانی سۆزی وڵاتانی موسڵمان بۆ لای خۆی، بەڵام ئەو باش دەزانێت كە هەر خۆی ململانێكەی كردووەتە تایفەیی شیعە و ئەستەمە هەڵوێستێكی ئیسلامی پاڵپشت بەدەستبێنێت، جیا لەوە بە باجی لێدانی ئیسرائیل دەزانێت كە چۆن دنیا لێ هەڵدەگەڕێتەوە، هەروەها گرەوی ئێران لەسەر هەڵوێستەكانی رووسیا و چین و ئەوروپا بەم دواییە زۆر دیارە بەتایبەتی رووسیا، بەڵام لێدوانی ئەوانەش دووپاتی دەكەنەوە كە ئێران ناتوانێت گرەویان لەسەر بكات.

پوختەكەی ناكرێت بگوترێت ئێران هیچ بژارەیەكی نییە، بەڵام بژارەكانیشی سنووردارن و ئەگەر پەنایان بۆ ببات رژێمەكە بەرەو رووخان دەبەن یان بەگرێبەستێك كۆتاییان دێت كە زۆر سەختن بۆ تاران، سعوودیە و وڵاتانی كەنداو بەوە دەزانن و بۆیە داوای سازكردنی سێ لووتكەیان لە مەكە لە كۆتای ئەم مانگە كرد كە تاوتوێكردنی رووبەڕووبوونەوەی ئێران یەكێك دەبێت لە خاڵە سەرەكییەكانی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل