داعش دەبێتە هەڕەشە بۆ هونەرمەندێكی بەناوبانگی هۆڵیوود

:: PM:08:26:25/05/2019 ‌

بەهۆی ئەوەی ژنەكەی بووەتە پارێزەری دۆسیەی دەستدرێژی سێكسی لەلایەن داعش بۆ سەر ژنان لە عێراق و سووریا، جۆرج كلۆنی دەڵێ، نیگەرانم لەوەی منداڵەكانم یان ئەمەل كلۆنی لەلایەن داعش زیانیان پێ بگەیەنرێت.

ئەمڕۆ شەموو 25ی ئایار، جۆرج كلۆنی هونەرمەندی ناوداری هۆڵیوود رای گەیاند، ئیتر هەست دەكات چیتر وەك جاران ژیانی خۆ و ماڵباتەكەی سەلامەت نییە، بەهۆی ئەوەی ئەمەل كلۆنی هاوژینی كە پارێزەرێكی نێودەوڵەتییە، ئێستە كەیسێكی لەسەر داعش جوولاندووە.

كلۆنی بۆ ماڵپەڕی "هۆڵیوود ریپۆرتەر" ترسی خۆی نەشاردەوە كە یەكێك لە منداڵەكانی بەهۆی ئەو كارەی ئەمەل رووبەڕووی مەترسی ببەنەوە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

زیاتر روونی كردەوە كە ئەمەل كلۆنی هاوسەری دۆسیەیەكی دژ بە داعش كردووەتەوە لەسەر دەستدرێژی سێكسی چەكدارانی ئەو رێكخراوە دژ بە ژنان لە عێراق و سووریا، دۆسیەكەشی رادەستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە، لەمەشدا نادیە موراد براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و چەندان قوربانی تری عێراقی لەگەڵ ئەمەل دان.

پێشتر ئەمەل كلۆنی  لەكاتی تۆماركردنی سكاڵایەكەدا رای گەیاند، توندوتیژی سێكسی لەكاتی ململانێیەكاندا یەكێكە لەو تاوانانەی دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژ بە بكەرانی بێتە دەنگ.

زیاتر گوتی "پێویستە ئەو بكەرانی توندوتیژییەكە لە عێراق و سووریا بدرێنە دادگا و سزا بدرێن".



وشە - فه‌رمان سادق