ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی گەورەترین ئیڤێنتی درامای كوردی ڕاگەیەندرا لە ژێر ناوی "بەختە باران"، كە خۆی لە 80 زنجیرەدا دەبینێتەوە لە دەرهێنانی نیاز لەتیفە.
د.نیاز لەتیف، دەرهێنەری دراماكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دراماكە گەورەترینە كە خۆی لە 80 زنجیرەدا دەبینێتەوە و ئەمەش گەورەترین ئیڤێنتی درامای كوردی دەبێت لە كوردستان و عێراق، لەبەرئەوەی لە ڕابردوودا هەر دراما بەرهەم دەهات كە 30 زنجیرە یان كەمتر بوو.
زیاتر گوتی، دراماكە چەندین تەوەرەی جیاواز لەخۆی دەگرێت لەڕووی ئاسایش و كۆمەڵایەتی و بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا و چەندین بواری تری ژیان، هەروەها ئەكتەرەكانیش لەسەرانسەری كوردستانەوە بەشدارییان پێ كراوە كە زیاتر لە 200 ئەكتەر لە دراماكەدا ڕۆڵ دەبینن، روونی كردەوە، هەوڵمانداوە ئەكتەری هەموو كوردستان بەشداری تێدا بكەن.
دراماكە لە نووسین و سیناریۆی ئەحمەد ڕەزای شاعیرە و لە دەرهێنانی نیاز لەتیفە و لەلایەن كۆمپانیای ئاراوە كاری وێنەگرتنی بۆ دەكرێت و بڕیارە لە مانگی حوزەیرانەوە دەست بە تۆماركردنی دراماكە بكەن.
سلێمانی/ ئاریان محەمەد