ژماره‌یه‌ك له كارمه‌ندانی به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌كۆی كۆمه‌ڵایه‌تی سناپچات به سیخوڕیكردن له‌سه‌ر به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتان تۆمه‌تبار ده‌كرێن، ڕۆژنامه‌ی زه سه‌نی به‌ریتانیش به ته‌واوی ئه‌و زانیاری و نهێنیانه‌ی ئاشكرا كرد.
سه‌رچاوه‌یه‌ك به ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه، كه ژماره‌یه‌ك له كارمه‌ندانی به‌ڕێوه‌بردنی تۆڕی
سناپچات ده‌توانن تایبه‌تمه‌ندی SnapLion به‌كاربهێنن كه له‌و ڕێگه‌یه‌وه ده‌گه‌ن به زانیاری وردی ته‌واوی به‌كارهێنه‌ران، ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر داوا و فه‌رمانی وڵاتانه‌وه‌یه كه ئه‌و كارمه‌ندانه پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵیان هه‌یه، ئامانجیش له‌و كاره دروستكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه له‌و وڵاتانه و ده‌ستخستنی پۆست و ده‌سكه‌وتی كه‌سییه.
به گوێره‌ی به‌دواداچوونێكی پێگه‌ی ڤایس له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی پێشوو و ئێسته‌ی كۆمپانیای سناپچات، ئه‌وان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه هه‌وڵدان بۆ كاری سیخوڕی له ناو كارمه‌ندانی واتس‌ئاپ به ڕووی هه‌ستی پێ ده‌كرا و به‌شێك له كارمه‌ندان زۆرترین كاته‌كانیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر به‌كارهێنه‌ران ته‌رخان ده‌كرد.
له‌باره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كۆ ده‌كرانه‌وه، كارمه‌ندانی پێشوو هێمایان بۆ ئه‌وه كردووه، كه وێنه‌ی كه‌سه‌كان و ژماره‌ی ته‌له‌فۆن و ئیمهیل و وێنه و ئه‌و شوێنانه‌ی سه‌ردانی ده‌كه‌ن، سه‌رجه‌میان به وردی له دۆسیه‌یه‌كدا كۆ ده‌كرده‌وه، جیا له حه‌ز و ئاره‌زوو و خواستی به‌كارهێنه‌ران، كه ئه‌مه‌یش وه‌ك ڕێگایه‌ك بۆ كێشكردنیان ڕۆڵی گرنگ و كاریگه‌ری هه‌یه.