مەحموود عوسمان: سەردانەكەی یڵدرم بۆ هەولێر گرنگ و جیاوازتر بوو

:: PM:03:28:08/01/2017 ‌
سەردانەكەی بیناڵی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كاردانەوەی بەدواداهات و سیاسەتمەدارێكی كورد پێی وایە، سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگتر بووە و چوونی یڵدرم بۆ بەغدا بە موجامەلە دادەنێت.

درەنگانی شەوی ڕابردوو بیناڵی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا گەیشتە شاری هەولێر و ئەمڕۆ یەكشەم لەگەڵ هەریەكە لە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.

لەبارەی سەردانەكەی بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان د.مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری كورد بە" وشەی" ڕاگەیاند، سەردانی بینالی یڵدرم بۆ هەرێمی كوردستان جیاواز تر و گرنگترە، چونكە بەپێی ئەو راگەیەنراوە هاوبەشەی نێوان بەغدا و توركیا بێت، ئەوە تەنیا لە چوارچێوەی قسە دەمێنێتەوە.

ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێ، توركیا و هەرێم دەتوانن پەرە بەپێوەندییەكانیان بدەن، لە داهاتووش ئەوە زیاتر دەردەكەوێت.

عوسمان زیاتر گوتی، چوونی بیناڵی یڵدرم بۆ بەغدا تەنیا بۆ موجامەلە بووە و ئەو خاڵانەی باسیانكردووە بە زووی ناكەوێتە جێبەجێكردن.

دوێنی شەموو هەریەكە لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بیناڵی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا دوای كۆبوونەوەیان ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە كە لە نۆ خاڵ پێكهاتبوو .

زۆرترین خاڵی ڕاگەیەنراوەكە تایبەت بوو بە كشانەوەی پەكەكە لە خاكی عێڕاق و پێداچوونەوە بە هێزەكانی توركیا لەباشك و چەند پرسێكی تری ئەمنی و سەربازی. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم