ئیسڕائیل: رووسیا مووشەكی پێشكەوتووی لە سووریا جێگیر كردووە

:: PM:03:41:08/01/2017 ‌

وەزارەتی بەرگریی ئیسڕائیل ئاشكرای دەكات، مانگە دەستكردەكانی ئەو وڵاتە چەندان وێنەیان لە سووریا گرتووە پشتڕاستی دەكەنەوە رووسیا مووشەكی پێشكەوتووی لە سووریا جێگیر كردووە.

ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی كانوونی دووەم/یەنایەر، میدیاكانی ئیسڕائیل رایان گەیاندووە، رووسیا كۆمەڵێك مووشەكی پێشكەوتووی جۆری "ئەلیسەندر"ی لە دەوروبەری بنكەی سەربازیی لازقیە كە تایبەتە بە سەربازانی رووسیا، جێگیر كردووە.

رادیۆ ئەوروپای ئازاد لە زاری بەرپرسێكی تەناهیی ئیسڕائیل گواستوویەتیەوە، بەهۆی ئاڵوگۆڕی لە كەشوهەوا رووسیا ناچار بووە شوێنی مووشەكەكان بگوازێتەوە و ئەو گواستنەوەیەش بووەتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی مانگە دەستكردەكانی ئیسڕائیل بتوانن وێنەیان بگرن.

مووشەكی ئەلیكساندر لە جۆری مووشەكە پێشكەوتووە دوورهاوێژەكانە و توانای هەڵگرتنی كڵاوی ناوكی هەیە و دەتوانن لە مەودای نێوان 50 بۆ 400 كیلۆمەتر ئامانجەكەیان بپێكن، ئەو مووشەكە دەتوانێ خۆی لە رادارەكان بدزێتەوە و خێرایییەكەی شەش ئەوەندە خێرایی دەنگە.

ئیسڕائیل بەردەوام ناڕەزایەتی لە پێدانی چەكی پێشكەوتوو بە رژێمی بەشار ئەسەد دەربڕیوە و لەو پێناوەیشدا تا ئێستە چەندان جار هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر ئەو جبەخانەی رژێمی سووریا كە چەكی پێشكەوتوویان لێ حەشار دراوە و بە تەواوەتی لەناو براون، بەڵام تەلئەبیب هیچ لێدوانێكی لەوبارەیەوە نەداوە.

تا ئێستە هیچ بەرپرسێكی رووسیا بە فەرمی لەبارەی جێگیركردنی مووشەكی دوورهاوێژی ئەلیكساندر لەناو خاكی سووریادا نەداوە، بەڵام لە رۆژی هەینییەوە بە فەرمانی پوتین، مۆسكۆ بە مەبەستی كەمكردنەوەیان دەستی كردووە بە كشاندنەوەی سەربازەكانی لە سووریا.

سەرچاوە/زەمانە



وشە - هیدایه‌ت جان