17 تیرۆریست خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد

:: PM:04:48:08/01/2017 ‌


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەم ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی شارۆكەی حەویجەی ژێر دەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەكانی حەویجە ڕایان كرد و خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد و 17 له‌و هاووڵاتییانه‌ی ڕایان كردووه‌ چه‌كداری داعشن و له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ گیراون.

لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانە دەركەوتووە كە چەند كەسێك لەوانە چەكداری رێكخراوی تیرۆرستی داعشن و پێشتر داواكراوبوون لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە.

نەقیب سالار زێباری ئەفسەری پێشمەرگە لە فەوجی یەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ 316 هاووڵاتی كە لەحەویجە هەڵهاتبوون خۆیان گەیاندە بارەگانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو سنوورە.

هەروەها گوتی، دوای لێكۆڵینەوە و پشكنین بۆیان دەركەوتووە كە 17 لەو هاووڵاتییانەی لەحەویجە هەڵهاتوون داواكراو بوون و پێشتر وەك چەكداری تیرۆرستی داعش ناویان بڵاوكراوەتەوە.

ئەو نەقیبەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان باسی لەوەشكرد، تا ئێستە جیاكردنەوەی ئەو هاووڵاتییانە بەردەوامە و لیژنەی تەندروستی ئاوارەكان پشكنینیان بۆ ئەنجامدەدات .

زیاتر گوتی: ئەو هاووڵاتییانەی لە پشكنین و لێكۆڵینەوەكان دەردەچن ڕەوانەی كەمپەكانی سنووری كەركووك دەكرێن و ئەوانەیشی كە گومان لێكراوبن دەهێڵرێنەوە و بڕیاریان لەبارەیەوە دەدرێت.

حەویجە دەكەوێتە نزیكەی 60 كیلۆمەتر باشووری ڕۆژئاوای شاری كەركووك، زۆرینەی دانیشتووانی ئەو شارۆكەیە عەرەبی سوننەن، لە مانگی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی سوپای عێراق لەو سنوورە، شارۆكەكە كەوتە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش.

لە ماوەی ڕابردوو سەدان هاووڵاتی ڕۆژانە لەو ناوچەیە خۆیان لە ژێر چنگی داعش ڕزگاركردووە و گەیشتوونەتە سنوورەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هەفتەی پێشووش میدیاكان بڵاویان كردەوە، كە لەلایەن بەشێك لە چەكدارانی داعشەوە هەر هاووڵاتییەك لە حەویجەوە بە 600 دۆلاری ئەمەریكی دەگەیەنرێتە نزیك سنوورەكانی هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستان بازرگانی بە خەڵكی ناوچەكەوە دەكەن.









وشە - سه‌رخێڵ هاشم