45 هەزار گەشتیار هاتوون..وەرزی زستان بازاڕی گەشتوگوزار گەرمتر دەكات

:: PM:06:14:08/01/2017 ‌
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت كە بەهۆی بوونی بەفرێكی زۆر لە چیاكانی كوردستان و شوێنی گەشتیارییەكان، هاتنی گەشتیاران بەردەوامی هەیە.

ئێستە جیاواز لەوەی لە بۆنە و جەژنەكاندا هاووڵاتییان روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، لە وەرزی زستانیشدا بەهۆی بوونی بەفر و شوێنی گەشیاری بۆ ئەو كارە هاووڵاتییەكی زۆر وەك گەشتیار روو لە ناوچە شاخاوییەكان دەكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم نادر رۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، تەنیا بۆ بۆنەكانی جەژنی سەری ساڵ زیاتر لە45 هەزار گەشتیار روویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.

زیاتر گوتی، هاتنی گەشتیاران تا ئێستەش بەردەوامی هەیە بەهۆی بوونی بەفر و ناوچەی سەرنجراكێش لە ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستان.

رۆستی ئەوەشی باس كرد، ئێستە سەرقاڵی ئەوەن كە ئاماری ئەو گەشتیارانە كۆ بكەنەوە كە بۆ وەرزی زستان روویان لە ناوچە شاخاوییەكانی وەك كۆڕەك و چەند ناوچەیەكی تر كردووە.

لەبارەی درووستبوونی كێشەی مۆتێل و هۆتیل بۆ گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان نادر رۆستی رەتی كردەوە لە جەژنی سەری ساڵدا ئەو كێشەیە بۆ گەشتیاران دروست بووبێت، چونكە وەك ئەو دەڵێت، شوێنەكانی گەشتیاری و هۆتێل و مۆتێلەكان رێنماییان پێ دراوە لە كاتی بۆنەكاندا بیست و چوار كاتژمێر كراوە بن.

سەرباری ئەوەی لە هەرێمی كوردستان لە چوار وەرزەی ساڵ چەندین شوێنی گەشتیاری بەرووی هاووڵاتییاندا دەكرێتەوە، دۆخی ئەمنی و سەقامگیری ئاسایش هۆكارێكی ترە بۆ هاتنی رێژەیەكی زۆری گەشتیاران.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم