زەردەشتییەكان دەزگەی ڕاگەیاندن لە كوردستان دەكەنەوە

:: PM:07:10:08/01/2017 ‌

ئاینی زەردەشتی لە كوردستان كە ئاینێكی ڕێگە پێدراوە لە ڕووی یاساییەوە و مۆڵەتی فەرمی هەیە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێم، لەم ساڵدا بە نیازی كردنەوەی دەزگەیەكی ڕاگەیاندنن لە ڕادیۆ و تیڤی و ڕۆژنامە, نوێنەری ئاینی زەردەشتیش لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت كە ڕادیۆیەكەیان لە سلێمانی پێ‌ دراوە و بۆ ئەم ساڵ پلانیان هەیە بۆ كردنەوەی كەناڵی ڕاگەیاندن  لە شارەكاندا.

ئاوات حیسامەددین نوێنەری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە بەرنامەماندا هەیە لەم ساڵدا دەزگەیەكی ڕاگەیاندن بكەینەوە و لە هەنگاوی سەرەتاشدا ڕەزامەندیی ڕادیۆیەكمان وەرگرتووە لە شاری سلیمانی، بەڵام پەخشەكەی تەنیا بۆ ناو سلێمانییە و دەمانەوێ‌ فرەوانی بكەین بۆ هەموو كوردستان.

حیسامەددین ئەوە دەخاتە ڕوو كە باری دارایی ڕێگرییان بووە لە كردنەوەی كەناڵی ڕاگەیاندن و دەركردنی ڕۆژنامە لە ساڵانی ڕابردوودا، بەڵام لەم ساڵدا بە گرنگییەوە لە ڕێگەی كەسانی ڕۆشنبیری سەرمایەدارەوە هەوڵی بۆ دەدەین و داواشمان لە وەزارەتی ئەوقاف كردووە لەمەیاندا هاوكاریمان بكات و مانگانە تا نزیكەی 500 نامیلكەی تایبەت بە زەردەشتییەكان و رێوڕەسم و عیبادەتەكان بڵاو دەكەینەوە كە لەلایەن كەسانی دڵسۆزی زەردەشتییەكانەوە ئامادە كراوە.

لای خۆیەوە محەمەد گەردی بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەم ساڵدا مۆڵەتی كردنەوەی كەناڵی ڕاگەیاندن ڕانەگیراوە  بۆ هیچ كەس و لایەن و ئاینێك، بەمەرجێ‌ ڕێنوێنییەكان جێبەجێ‌ بكات و پابەند بێ‌ بە نوێكردنەوەی مۆڵەتی ساڵانە.

ڕونیشی دەكاتەوە كە هەر كەسێك داوای مۆڵەتی كردنەوەی كەناڵێك بكات، ئەوان لای خۆیان نووسراوێكی بۆ دەكەن بۆ وەزارەتی ناوەخۆ و ئەگەر لە ڕووی تەناهییەوە كێشەی نەبێت، ئەوە وەزارەتی ناوەخۆ وەڵامی نووسراوەكەمان دەداتەوە و ئێمەش لای خۆمان مۆڵەتی كاركردنی پێ‌ دەبەخشین.

هەولێر –هێمن ڕەفیق


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل