قشڵەی كۆیە زیندوو دەكرێتەوە

:: PM:09:00:08/01/2017 ‌
یەكێك لە شوێنەوارە دێرینەكانی هەرێمی كوردستان قشڵەی كۆیەیە و ئێستە ژمارەیەك كەسایەتی قەزای كۆیە لە هەوڵدان ئەو شوێنەوارە نۆژەن بكەنەوە و ژمارەیەك پڕۆژەی جۆراوجۆریشی تێدا دروست بكەن.

فازڵ شەورۆ كەسایەتی قەزای كۆیە بە" وشە"ی ڕاگەیاند كە بڕیاریان داوە چەند پڕۆژەیەك لە قشڵەی كۆیە جێبەجێ‌ بكەن بۆ ئەوەی بتوانن سەرنجی گەشتیاران بەلای خۆیاندا رابكێشن و سەردانی شوێنەكە بكەن .

شەوڕۆ دەڵێت، لە ساڵی 1958 لە قشڵەی كۆیە ژوورێكی تایبەت بە زیندانیكردن هەبووە، ئێستە دەیانەوێت ناوی ئەو كەسانەی لەو ژوورە زیندانی بوون كۆ بكەنەوە و لە ژوورەكە بینووسن هاوكات وێنەكانیشیان هەڵبواسن.

ئەو كەسایەتیە كۆییە زیاتر گوتی، فەرمانگەی شوێنەواری كۆیە هاوكاری دروستكردنی ئەو پڕۆژانە دەكات، بەهۆی ئەوەی بەشێكی قشڵەكەش بۆ فەرمانگەكەدابین كراوە .

قشڵەی كۆیە لە ساڵانی 1869 تا 1872 لەلایەن والی عوسمانییەكان دروست كراوە و ئێستە جگە لە شوێنێكی مێژووی هاووڵاتییان و گەشتیاران دەتوانن ڕووی تێ بكەن.


وشە - كامه‌ران كه‌ریم