كار بۆ بڕینی بەشە خۆراكی ئەوانە دەكرێ مووچەیان سەرووی یەك ملیۆن و 500 هەزار دینارە

:: PM:09:45:30/05/2019 ‌
بەغدا كار لەسەر ئەوە دەكات ئەو فەرمانبەرانەی مووچەكەیان لە سەرووی یەك ملیۆن و 500 هەزار دینارەوەیە، بەشە خۆراكی مانگانەیان ببڕێت. پەرلەمانتارێكی لیژنەی داراییش دەڵیت، بەشە خۆراكی مانگانە لەلایەن عێراقەوە پارەی كەمی بۆ دادەنرێت و خراپی كوالێتییەكەی بۆ كەمی پارەكە دەگەڕێتەوە.

شاندی بازرگانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی نێوانیان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق لەسەر پرسی بەشە خۆراكی مانگانە، داوا دەكەن چاكسازی بكرێت لە بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان لە ڕووی مادە و جۆر و كوالێتی.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یاسایەكی لاوەكی هەیە كە باس لەوە دەكات بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان بۆ ئەوانەی مووچەكانیان لە سەرووی یەك ملیۆن و 500 هەزار دینارەوە ببڕێت، بەڵام یاساكە جێبەجێ نەكراوە.

ئەوەشی گوت، ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ بكرێت شتێكی باشە، چونكە ملیۆنان كەس بەشە خۆراكیان دەبڕێت و دەدرێت بەوانەی كە زیاتر پێویستییان بە خۆراكە، یاساكە پێویستی بەوە هەیە ناوی فەرمانبەران و ئەوانەی مووچەیان لە سەرووی یەك ملیۆن و 500 هەزارەوەیە، بدرێتە وەزارەتی بازرگانی تا كار لەسەر ئەو بابەتە بكات.

"لە بودجەی گشتی ساڵی 2019 تەنیا بڕی یەك تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دیاری كراوە كە تەنیا بەشی بەشە خۆراكی شەش مانگ دەكات لە ساڵێكدا، بەڵام لیژنەی دارایی لە كاتی گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە، بڕی 200 ملیار دیناری تری بۆ بەشە خۆراك زیاد كردووە كە ئێستە كۆی گشتی یەك تریلیۆن و 700 ملیار دینارە، بەڵام هێشتا ئەو پارەیە بۆ هەموو عێراق بڕێكی كەمە." شیروان وای گوت.

بەگوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبەرئەوەی ئەو بڕە پارەیە كە دادەنرێت بۆ بەشە خۆراكی ساڵانەی هاووڵاتییان، بڕێكی كەمە و كێشە و گرفت دروست دەكات، لەلایەك ناكرێت بەهۆی كەمی پارەكە بڕی خۆراكی مانگانە كەم بكرێتەوە، چونكە خەڵكێكی زۆر سوودی لێ وەردەگرێت، لەلایەكی ترەوە چاودێر هەیە بەسەر ئەو خۆراكەی كە لە دەرەوە دەكڕێت، بەهۆی كەمی پارەكە ناتوانرێت خۆراك و مادەی كوالێتی باشی پێ بكڕێت، بۆیە بە ناچاری بەپێی پارەكە خۆراكی پێ دەكڕێت لە كوالێتی.

پێشنیارێك هەیە كە ساڵی داهاتوو چاكسازی بكرێت لەوەی كە تەنیا بەشێوەیەكی فەرمی چوار مادەی خۆراكی بدرێت بە هاووڵاتییان و لە كاتی كەمبوونەوەی هاووڵاتییان قەرەبوو بكرێنەوە.

بانكی نێودەوڵەتی داوای كردووە بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان نەمێنێت، چونكە پێیان وایە پێدانی بەشە خۆراك بووەتە هۆی دروستكردنی سستی لە ناو هاووڵاتییان و بەهۆیەوە ئیش ناكەن، بەڵام حكوومەتی عێراق دەیەوێ چاكسازی بكات نەك نەهێشتنی.

یاسین مەحموود بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراك لە سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هیچ گۆڕانكارییەك بە فەرمی لەسەر بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەكاری نەكراوە بۆ پسوولەی خۆراكی ساڵی 2020، چاوەڕێی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەكەن بۆ گۆڕانكاری.

ئەو گوتی، تەنیا پێشنیارێكی بەهێز هەیە كە حكوومەتی عێراق ئیشی لەسەر دەكات، ئەویش بڕی بەشە خۆراكی ئەو فەرمانبەرانەیە كە مووچەكانیان لە سەرووی یەك ملیۆن و 500 هەزار دینارەوەیە، خۆراكیان نەمێنێت، بەڵام پسوولە و ناویان لە بەشە خۆراك دەمێنێت.

ئەوەشی گوت، خۆراكەكان لە ڕێی كۆمپانیا دێنە كڕین و وەزارەتی بازرگانی چاودێری ئەو بابەتە دەكات، شەكر و زەیت هیچ گرفتێكی نییە و هەر ئەو جۆرەیە كە لە بازاڕ دەفرۆشرێت، برنجەكە هەندێ جار گرفتی هەیە بەڵام جۆرێكی برنج هەیە ئۆرۆگواییە و هاووڵاتی زۆر لێی ڕازییە، ئەگەر بەردەوام ئەوە بووایە زۆر باش دەبوو.

هەروەها داوا كراوە جیاوازی لە نێوان بەشە خۆراكی هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان و عێراق نەكرێت بەتایبەتی لە ڕووی كوالێتی و مادەكانیەوە، لە داهاتووشدا كار لەسەر ئەوە بكرێ ئەوانەی لە عێراق ناویان نووسراوە بۆ بەشە خۆراك و وەری ناگرن، بەتایبەت چینی دەوڵەمەند و بەرپرسەكان و ئەوانەی بەكاری ناهێنن، خۆراكیان ببڕێت، ئەوەش پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە.

بەپێی دوایین ئامار، ئێستە لە عێراق 37 ملیۆن هاووڵاتی ناویان لە بەشە خۆراكی مانگانە هەیە، بەپێی ئامارەكانیش لە نێوان 15 بۆ 18 ملیۆن هاووڵاتی ئەو بەشە خۆراكە بەكار دەهێنن و سوودی لێ وەردەگرن، ئەوەی دەمێنێتەوە یان وەری ناگرن، یان لە بازاڕ دەیفرۆشنەوە، بۆیە یەكێك لە چاكسازییەكە لابردنی ئەو كەسانەیە كە بەشە خۆراكی مانگانە وەرناگرن و پێویستیان پێی نییە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - وشه‌