"گوناح و ئیمان" نوێترین لێكۆڵینه‌وه‌ى سمكۆ محه‌مه‌ده، له‌م كتێبه‌دا توێژه‌ر هه‌وڵ ده‌دات جارێكى تر پێداچوونه‌وه بۆ شوناسى هه‌ندێك ئاین و پێكهاته‌ى كوردستان بكات، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى فه‌رامۆش كراون یان له‌سه‌ر ئاستى میلییه‌وه به‌دحاڵیبوونێك له‌باره‌ى شوناسه‌كه‌یان هه‌یه.
زۆر له مێژوونووسان و توێژه‌رانى بوارى كۆمه‌ڵناسى كاتێك باس له كۆمه‌ڵگه‌ى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌كه‌ن، ئه‌م ناوچه‌یه به "مۆزه‌خانه‌ى ئاینه‌كان" ناو ده‌به‌ن، وشه‌ى "مۆزه‌خانه"یش لێره‌دا ماناى ئه‌وه نییه كه ئاینه‌كان هێنده كۆنن به‌هاى رۆحییان له ده‌ست داوه، به‌ڵكو به‌م مانایه به‌كار دێت هه‌ندێك ئاین و بیروباوه‌ڕ كه له‌م ناوچه‌یه هه‌ن و تا ئێسته پێڕه‌و ده‌كرێن، مێژووه‌كه‌یان بۆ سه‌ره‌تایه‌كى نادیار ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر ئاستى میلى "تێگه‌یشتنه باوه‌كه‌ى خه‌ڵك" وا ده‌كات گومان بۆ سه‌رچاوه‌ى ئه‌م باوه‌ڕانه دروست بێت و به‌دحاڵیبوونێك له به‌رانبه‌ر شوناسى ئه‌م پێكهاته و باوه‌ڕانه هه‌بێت. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات ئه‌م ئاین و باوه‌ڕانه ببن به كه‌ره‌سته‌یه‌كى لێكۆڵینه‌وه و هه‌میشه كاریان له‌سه‌ر بكرێت. كتێبى "گوناح و ئیمان"یش له‌م روانگه‌یه‌وه نووسراوه.
ئه‌م كتێبه له 335 لاپه‌ڕه‌ى گه‌وره پێكهاتووه و له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیاى كوردییه‌وه چاپ كراوه. سمكۆ محه‌مه‌دى نووسه‌رى ئه‌م كتێبه پێشتر توێژینه‌وه‌ى تر‌ى هه‌بووه له بوارى ئاینه‌كانى كوردستان، ئه‌مه‌یش دووه‌م كاریهتى، ئه‌و له پێشه‌كى كتێبه‌كه‌ى باس له جیاوازى ئه‌م كتێبه و ئه‌وه‌ى پێشتر ده‌كات و ده‌ڵێ، "كتێبی یه‌كه‌م به‌ناوی ئاین و كه‌مینه‌كان له كوردستان بوو كه كتێبێكی ته‌نیا مه‌عریفی بوو، بۆ ناساندنی ئاین و ئاینزاكان بوو به خوێنه‌ر، به‌ڵام ئه‌م كتێبه‌یان خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه بووه بۆ ئاینه‌كان كه پشتم به چه‌ندان سه‌رچاوه‌ی جیاوازی ئه‌كادیمی به‌ستووه، ئه‌مجاره‌یان هه‌وڵم داوه له‌سه‌ر زاری رۆشنبیر و كتێبه‌كانیان و سه‌رچاوه‌كانیان و كه‌سانی شاره‌زاوه، كه‌ڵك وه‌ربگرم".
ئه‌م كتێبه له شه‌ش توێژینه‌وه پێكهاتووه كه له‌سه‌ر پێكهاته و گرووپه ئیتنییهكانى هه‌رێمى كوردستان نووسراوه. بۆیه هه‌ر به‌شێكیان ناونیشانێكى تایبه‌تى هه‌یه له‌وانه "ئێزیدى و ئێزیدییاتى، باوه‌ڕ و گومان"، "كاكه‌یى و یارسان"، "سابیئهى مه‌ندائى"، "ئه‌رمه‌ن له نێوان نه‌ته‌وه و ئایندا"، "هه‌قه و بزووتنه‌وه‌ى هه‌قه"،" قه‌ره‌ج وه‌ك كولتوورى سه‌ره‌تایى مرۆڤ".
وه‌ك له ناونیشانى ئه‌م به‌شانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ، سمكۆ محه‌مه‌د ده‌ستى بۆ ئه‌م شوناسانه بردووه كه زۆرجار به‌دحاڵیبوون له‌باره‌یانه‌وه دروست ده‌بێت، ره‌نگه ئه‌مه یه‌كێك له هۆكاره‌كانى ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌كه بێت، هۆكارێكى تر ئه‌وه‌یه نووسه‌ر به پێویستى زانیوه، هاوشێوه‌ى نه‌ته‌وه‌كانى تر كتێبێك له‌م بواره هه‌بێت كه پشت به زانیارى ئه‌كادیمى و زانستى ببه‌ستێ. سمكۆ محه‌مه‌د ده‌ڵێ، "بیرم له‌وه كرده‌وه كورد پێویست به كتێبێكى وه‌ك كتێبه‌كه‌ى كۆمه‌ڵناسى عێراقى ناسراو ره‌شید خه‌یوون هه‌یه به‌ناوى مێژووى ئاین و ئاینزاكان له عێراق بڵاوى كردووه".
ئه‌م هه‌سته‌ى نووسه‌ریش له‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ كه له ناو كتێبخانهى كوردى ژماره‌یه‌كى كه‌م كتێب له‌م بواره‌دا هه‌یه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش سمكۆ ده‌ڵێ "كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى به‌شى زۆرى به خوێنه‌رى ئاسایى و رۆشنبیر و نووسهرهكانیشیهوه، شاره‌زاییه‌كى ته‌واویان نییه له‌سه‌ر ئه‌م ئاینانه له كوردستان هه‌ن، كه ئه‌مه‌یش به‌شێكى بۆ نه‌بوونى كۆمه‌ڵناسى كوردى ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌ر رۆشنبیرانیش هه‌یانبێت، ئه‌وا زۆر هه‌ڵه ده‌كه‌ن له‌باسكردن و ره‌خنه‌گرتن لێیان".
ئه‌و میتۆده‌ى نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا پێڕه‌وى كردووه، میتۆدێكى مێژوویى نییه، به‌ڵكو میتۆدێكه كار بۆ ناساندنى بیروباوه‌ڕ و شوناسى ئه‌و ئاین و پێكهاتانه‌ى ده‌كات، بۆ نموونه كاتێك باسى ئاینێك ده‌كات، سه‌ره‌تا باس له ناوه‌كه‌ى ده‌كات و دواتر باس له سه‌رچاوه‌كان و كتێبه پیرۆزه‌كانى ده‌كات، باس له دنیابینى ئه‌و ئاینه ده‌كات، له هه‌ندێك شوێن ئه‌گه‌ر پێویست بكات باس له ئاسته‌كانى پیرۆزیى ده‌كات له‌ناو ئاینه‌كه.
له هه‌موو ئه‌مانه‌یش جگه له‌و زانیارییانه‌ى كه له سه‌رچاوه‌كان وه‌ریگرتووه، نووسه‌ر پشتى به‌و سه‌ردانانه به‌ستووه كه بۆ پێڕهوكارى ئه‌و باوه‌ڕانه و ئه‌ندامانى ئه‌و پێكهاتانه راسته‌وخۆ تێبینى كردووه و وه‌ریگرتوون. سمكۆ ده‌ڵێ "چیرۆكى ئه‌م كتێبه بۆ 17 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه و ره‌نگه كهموكوڕیشى تێدابێ".