وەزارەتی ڕۆشنبیری چەند كەناڵێكی ناوخۆیی داخست

:: PM:10:49:08/01/2017 ‌
بەهۆی نوێ‌ نەكردنەوەی مۆڵەت و پابەند نەبوون بە ڕێنماییەكان وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومه‌تی هه‌رێم پەخشی چەند كەناڵێكی ناوخۆیی ڕاگرت، سەرۆكی لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پەرلەمانیش دەڵێت بەدواداچوون دەكەین و با كەناڵەكان پێكەوە بێنە پەرلەمان و یادداشتێك بنووسن تا كاری لەسەر بكەین.

فەرحان جەوهەر، سەرۆكی لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیادن و هونەر لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوان ئاگاداری داخشتنی كەناڵی ناوخۆیی نین لە شاری هەولێر دا، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەست دەكەین كەناڵەكان نیگەرانن لە بڕیارە تازەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە ساڵی نوێ، بەتایبەتی لەوەی كە پەیوەندی بە بڕی پارەی نوێ‌ كردنەوەی مۆڵەتی كەناڵەكان هەیە.

دەشڵێت بەدواداچوون لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری دەكەن و با كەناڵەكانیش هەموویان پێكەوە یاداشتێك بەرز بكەنەوە بۆ پەرلەمان و لیژنەی ڕۆشنبیری تا كاری لەسەر بكەین.

لای خۆیەوە جەلال پەرێشان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و خاوەنی كەناڵی ناوخۆیی كوردستان سپۆرت لە شاری هەولێر بە "وشە"ی راگه‌یاند، لە ئێوارەوە پەخشی كەناڵەكەم وەستاوە بەهۆی كێشەی تەكنیكی لە كۆمپانیای ماكس میدیایەوە، كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری هەیە، ئێستا خەریكم لەگەڵ وەزارەت كە پەخشەكە بكەنەوە بۆمان لە ڕێگەی ئەو كۆمپایایەوە.

پەرێشان ئاشكرای كرد، نزیكەی 100 كەناڵی ناوخۆی و ئاسمانی لە كوردستان پارەی نوێ‌ كردنەوەی مۆڵەتی نەداوە بە وەزارەت و ئەوان زۆر نیگەرانن لە بڕیارەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری كە لەو بارودۆخە سەختەی كوردستان تێی دایە بڕیاری وا سەخت دەدەن بەسەر كەناڵەكانەوە. كەناڵی ئەهلی كە لەسەر ڕیكلام دەژی چۆن بتوانێ‌ لە ماوەی ساڵێك دا ئەگەر پەخشی بۆ هەموو كوردستان بچێت بیست ملیۆن دینار بداتە وەزارەتی ڕۆشنبیری.

لە چوارچێوەی بڕیار و ڕێنماییە تازەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2017، ماوه‌ی مانگێك وه‌ك دوا واده‌ بۆ كەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانیەكان دانراوە بۆ ئەو كەناڵانەی كە مۆڵەتی ساڵانەیان نوێ‌ نەكردۆتەوە بە پێچەوانەوە وەزارەت دەسەڵاتی ئەوەی پێ‌ دراوە كە پەخشی كەناڵەكە ڕابگرێت.


هەولێر – هێمن ڕەفیق


وشە - عه‌لی سدیق