دوای یەكسانبوونی بەرشەلۆنە بەرامبەر ڤیاڕیال.. ئێنریكی هەڕەشە لە ریال مەدرید دەكات
لویس ئێنریكی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە دڵگرانی خۆی بە یەكسانبوونی تیپەكەی لە یارییەكەی شەوی رابردووی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ڤیاڕیال دەربڕی و جەختیشی كردەوە كە یانەی ریال مەدریدی ركابەرییان بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی ئیسپانیای مسۆگەر نەكردووە.
شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لەدەرەوەی یاریگەی خۆی لە گەڕی 17ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ لەگەڵ یانەی ڤیاڕیال یەكسان بوو.
بەم یەكسانبوونە یانەی بەرشەلۆنە بە 5 خاڵ كەوتە دواوەی یانەی ریال مەدریدی ركابەری، ئەمە سەرەڕای ئەوەی یانەكەی دوایی یارییەكی دواخراویشی لە خولەكەدا بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا ماوە.
دوای تەواوبوونی یارییەكە ئێنریكی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: لە راستیدا ئەوەی ئێمە دەیخوازین لە یارییەكاندا جێبەجێ نابێت و چەندان خاڵی گرینگ لەدەست دەدەین، بەڵام دەبێت ئەم دۆخە بگۆڕین ئەویش بە سەركەوتن لە یارییەكانی داهاتووی یانەكەماندا.
زیاتر گوتی: ناسناوی ئەم وەرزەی خولی پلە یەكی ئیسپانیا تا ئێستا یەكلایی نەبووەتەوە و چەندان یاریی داهاتوومان ماوە بۆ ئەوەی جیاوازی خاڵەكانمان لەگەڵ یانەی ریال مەدرید كەم بكەینەوە.
جەختیشی كردەوە كە قۆناغی دووەمی خولی ئیسپانیا سەرجەم یارییەكانی ماوە و بەمەش هەلێكی زۆرمان لەبەردەمە تا ئەنجامی یارییەكان بگۆڕین، تەنیا كارێكیش دەبێت بیكەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی بەدەستهێنانی ناسناوەكە دانەبڕێین ئەوەیە كە دەبێت لە سەرجەم یارییەكانی داهاتوومان سەركەوتن بەدەست بێنین.
جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە هەفتەی رابردوو لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو دۆڕا بوو، بەمەش هەنگاوێك لە پارێزگاریكردن لەم ناسناوەش دوور كەوتووەتەوە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم