وردەكاری ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان

:: PM:08:25:01/06/2019 ‌
پەرلەمانی كوردستان رێكارەكانی تایبەت بە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی دیاری كرد كە بڕیاری ڕۆژی 10ی ئەم مانگە بەرێوە بچێت. 

ئەمڕۆ شەموو یەكی حوزەیران، پەرلەمانی كوردستان بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە حەوتی ئاساییی رۆژی دووشەمی 10ی حوزەیرانی دیار كرد.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بەپێی حوكمی برگەكانی (یەكەم، دووەم، سێیەم) لە مادەی (16) و برگەی (سَییەم) لە مادەی (18) و برگەكانی (یەكەم و پێنجەم) لە مادەی (54) و مادەكانی (47، 52، 55، 57،56) لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاریدا بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە حەوتی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی یەكەم لە خولــی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە  سەعات (11)ی پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەم 10ی حوزەیران بەرێوە ببات.

بڕگەی یەكەم تایبەتە بە رێكارەكانی تایبەت بە سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بە یەك خولەك بێ دەنگی وەستان بۆ رێزلێنان لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و عێراق لەگەڵ سروودی نیشتمانیی عیراقی و مارشی نەتەوەیی (ئەی رەقیب).

هاوكات خوێندنەوەی بریاری ژمارە (6)ی ساڵی 2019 تایبەت بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دواتر سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپێی حوكمی مادەی (نۆیەم) لە یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005ی هەمواركراو.

لەبەشێكی ڕێوڕەسمەكەدا وەك ئەوەی پەرلەمان ئاماژەی بۆ كردووە، وتار لەلایەن بەشێك لە ئامادەبووانە پێشكەش دەكرێت و دواتر وتاری سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان بەرێوە دەچێت.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا ناونانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەپێی بڕگەی سێ‌ لە مادەی (56) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەكی ساڵی 1992ی هەموار كراوە بەرێوە دەچێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم