دوو كچی كورد باس لە قارەمانێتی پێشمەرگە دەكەن

:: AM:09:46:09/01/2017 ‌

لە بەرهەمێكی نوێی هونەریدا، هەریەك لە كچانی گۆرانیبێژ سارا و خەندە كە خوشكی یەكترن، كار بۆ ئەلبوومێكی نوێی گۆرانی دەكەن و تێیدا باس لە قارەمانێتی پێشمەرگە دەكەن.

لەوبارەیەوە باوكی سارا و خەندە، عەلی مام بەكری كە تێسكتی تراكەكانی ئەو ئەلبوومەی بۆ نووسیون بە"وشە"ی راگەیاند: نوێترین بەرهەمی سارا و خەندە بریتییە لە ئەلبوومێكی نوێی گۆرانی بۆ ساڵی 2017، ئەو ئەلبوومە بەناوی "پێشمەرگە"یە و لە پێنچ تراك پێك هاتووە. تراكی یەكەمی لەسەر پێشمەرگەیە و باس لە قارەمانێتی پێشمەرگە دەكات، تراكی دووەمی پیرۆزباییە لە ساڵی نوێ و بەرهەمەكانی تری هەمووی هەڵپەڕكێن. ئەو ئەلبوومە لە ستۆدیۆی هەولێر كاری بۆ كراوە.

هەروەها گوتی، تا ئێستە هیچ سپۆنسەرێكمان نەبووە و خۆمان هەستاوین بەئەنجامدانی كارەكان، ئاوازی بەشێكی زۆر لە بەرهەمەكان خۆم ئامادەم كردوون. هاوكات بەرهەمی نوێی تریشمان لە بەردەستە و بەم زووانە كاریان بۆ دەكەین و بڵاویان دەكەینەوە . 

شایەنی باسە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هەریەك لە كچانی ناوبراو گۆرانییەكیان بۆ پێشمەرگە بڵاو كردەوە بەشێوەی بەند و دانیشتن و ستایشی پێشمەرگەیان كرد.

باوكیان دەڵێت: كچەكانم چوار خوشكن و هەرچواریان ئارەزوویان لە كاری هونەری و گۆرانیگوتنە، لەوبارەیەوە كچەكانم دەڵێن هەزاران كچی وەك ئێمە حەزیان لە كاری هونەرییە، بەڵام لە ترسی كۆمەڵگە ناتوانن كاری هونەری بكەن. سارا ساڵی 2001 و خەندەش ساڵی 2003 لە دایك بووە .








وشە - تایبه‌ت