ئاشكرا بوو كێ براوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی 2016ی فیفایە
چەند سەعاتێك بەر لە دەستپێكردنی ئاهەنگی خەڵاتەكانی باشترینی 2016 كە یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) ئەمڕۆ دووشەم بەتەنیا ئەنجامی دەدات، لەلایەن سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانەوە ناوی براوەی خەڵاتەكان ئاشكرا كرا.
یەكەتی تۆپی پێی ناودەوڵەتی ئەمڕۆ دووشەم یەكەمین خەڵاتی باشترین یاریزانی 2016ی جیهان (THE BEST) رادەگەیەنێ كە هەرسێ ئەستێرە لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی لە یانەی بەرشەلۆنە و كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی لە یانەی ریال مەدرید و ئەنتوان گریزمانی فڕەنسی لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ركابەری لەسەر دەكەن.
فیفا ئەمڕۆ دووشەم لە ئاهەنگێكدا لە شاری زیوریخی سویسڕا براوەی خەڵاتەكان رادەگەیەنێ، ئەمەش یەكەمین خەڵاتی فیفا دەبێت دوای ئەوەی پارساڵ لەگەڵ كۆواری (فڕانس فوتباڵ)ی فڕەنسی جیابووەوە لەسەر خەڵاتی باڵۆن دۆڕ كە مانگی رابردوو كریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ چوارەمجار بەدەستی هێنا.
لای خۆیەوە رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بە پشتبەستن بەچەند زانیارییەك كە لە فیفا دەستی كەوتووە، كریستیانۆ رۆناڵدۆی یەكەمین خەڵاتی باشترینی فیفا دەباتەوە و بەسەر هەردوو ركابەرەكەی تری میسی و گریزمان زاڵ دەبێت.
رۆژنامەكە سەبارەت بە براوەی خەڵاتی باشترین راهێنەری 2016ی جیهان ئاماژەی بەوەدا كە زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی و یانەی ریال مەدرید بەرامبەر فرناندۆ سانتۆسی راهێنەری هەڵبژاردەی پورتوگال و كلاودیۆ رانیێری راهێنەری یانەی لیستەر سیتی ئینگلیزی دۆڕاوە.
سەرچاوەكە هەروەها ناوی چەند یاریزانێكی ئاشكرا كرد كە لە پێكهاتەی باشترینی 2016ی فیفا جێگیر كراون كە 6 یاریزانی یانەی ریال مەدرید لەخۆ دەگرێت ئەوانیش پێكهاتوون لە مارسێلۆ، رامۆس، مۆدریچ، توونی كرووس و كریستیانۆ، هەروەها ناوی میسی و گریزمانیش هاتووە كە پاڵێوراون بۆ خەڵاتی باشترینی 2016.
جێی باسە ئاهەنگی باشترینەكانی 2016ی فیفا لە سەعات 6ی ئێوارە بەكاتی كوردستان دەست پێ دەكات.
وشە -
ئامانج ئهكرهم