مەترسی هەیە ڕووسیا دەستوەردان لە هەڵبژاردنی فڕەنساش بكات

:: AM:10:07:09/01/2017 ‌

وەزیری بەرگریی فڕەنسا ئاشكرای كرد، وڵاتەكەی كەمتر ئامانجی هێرشە ئەلیكترۆنییەكانە بە بەراورد لەگەڵ ئەمەریكا و وڵاتانی تر، بەڵام سوپای فڕەنسا دەستی كردووە بە بەهێزكردنی توانا بەرگرییەكانی لە بواری ئەلیكترۆنیدا، بۆ ئەوەی بەر لە هەر هێرشێكی ئەلیكترۆنی بگرێت.

لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانی "جان ئێف لۆ دریان" وەزیری بەرگریی فڕەنسا بە ڕۆژنامەی "لا جۆرنال دو دیمانش"ی فڕەنسی گوتی، مەترسیی ڕاستەقینە لەسەر ئەنجامدانی هێرشی ئەلیكترۆنی هەیە بۆ سەر ژێرخانی بنەڕەتی مەدەنیی فڕەنسا، وەك تۆڕەكانی ئاو و كارەبا و پێوەندییەكان و گواستنەوە، هاوكات هێرشی دژ بە دیموكراتی و دامەزراوە میدیایییەكانی وڵاتەكەمان.

پێشتر ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریكا ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، سەرۆكی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین فەرمانی بە ئەنجامدانی هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر ئەمەریكا كردووە، بە ئامانجی پشتیوانیكردنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكان و شێواندنی وێنەی كاندیدی دیموكراتەكان هیلاری كلینتن لە بەردەم دەنگدەرانی ئەمەریكادا.

وەزیری بەرپرسی فڕەنسا گوتی، چی دەبێ ئەگەر فڕەنسا ئەو هێرشانەی بكرێتە سەر، بێگومان پێویستە ئامادە بین و بەرگری لە خۆمان بكەین و ڕێوشوێنەكان بگرینەبەر.

مەترسی هەیە هەمان سیناریۆی ئەمەریكا بەسەر فڕەنساشدا بهێنرێ لەلایەن ڕووسیاوە، چونكە بڕیارە لە مانگی نیسان/ئەپرێل و ئایار/مایۆی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فڕەنسا بەڕێوە بچێت و لەو نێوەندەشدا فڕانسوا فیۆن كاندیدی پارێزگارەكان دەیەوێ پێوەندییەكانی فڕەنسا لەگەڵ ڕووسیا باش بكات و بەردەوام پەسنی كارەكانی پوتین دەكات.

هاوكات كاندیدی ڕاستە توندڕەوەكان مارین لۆبان بەهەمان شێوە دەیەوێ پێوەندییەكانی پاریس لەگەڵ مۆسكۆ بەرەو باشی و پێشەوە ببات، بۆیە پاریس ترسی لێ نیشتووە و دەترسێ بەهەمان شێوەی ئەمەریكا، ڕووسیا بە ناڕاستەوخۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی فڕەنسا بكات، تا یەكێك لەو كاندیدانە سەركەوتوو بكات كە پشتیوانی باشكردنی پێوەندییەكانی مۆسكۆ و پاریسن.

سەرچاوە/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د