ئەمەریکا..لە شەڕە تەقەیەکدا 15 کەس بوونە قوربانی

:: AM:12:23:16/10/2016 ‌

ئەمڕۆ شەموو، و کەمێک پێش ئێستە لە لۆس ئەنجلوس، سێ کەس کوژران و 12 کەسیش برینداربوون لە ئەنجامی بەشەڕهاتن و دەستڕێژی گوللە لە ناو ئاهەنگێکدا، لە ولایەتی کالیۆڕنیای ئەمەریکا.

پۆلیس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، دەڵێت، لە ئەنجامی بەشەڕهاتنی دوو لایەن لە ئاهەنگێکدا پەنایان بۆ چەک بردووە و دەستڕێژی گوللەیان لە یەکتری کردووە، سێ کەش کوژران و 12 کەسیش بریندارن، هەندێک لە بریندارەکان دۆخیان جێگیر نیە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، ئاهەنگەکە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا بووە، بەڵام دیار نیە چەند کەس لەو ئاهەنگەدا بەشداربوون.

لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش بەردەوامە و شوێنی رووداوەکەش لەلایەن پۆلیسەوە گەرمارۆ دراوە.

رووداوی تەقەکردن لە ئەمەریکا زۆر دووبارە دەبێتەوە و هەندێک لە وولایەتەکان چەک هەڵگرتن تێیاندا قەدەغە نیە.

یەکێک لە پرسەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و کە کاندیدەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە، مافی بەکارهێنان و هەڵگرتنی چەکە لەلایەن هاوڵاتیانی ئەمەریکیەوە.

وشە/ میدیاکان، رێبین محەمەد





وشە - ڕێبین محه‌مه‌د