زۆربەی نەخۆشخانەكان ڕووبەڕووی گرفتی نەبوونی پزیشك بوونەتەوە

:: AM:10:08:09/01/2017 ‌

بەهۆی نەهاتنەوەی ناویان و دانەمەزراندنیان، پزیشكانی نیشتەجێی خولاو مانگرتنیان لە نەخۆشخانەكان ڕاگەیاندووە و ئامادە نین كار بكەن، تەندروستی هەولێریش ڕای دەگەیەنێت مانگرتنەكە زیانی بۆ نەخۆشخانەكانی دەوروبەری هەولێر هەیە.

دوو رۆژی رابردوو زیاتر لە 135 پزیشكی "نیشتەجێی خولاو" لە هەولێر دەستیان بە مانگرتن كرد و تا ئێستەش ئامادە نین بچنەوە سەر كارەكانیان، بڕیاری ئەوان مانگرتنە تا هاتنەوەی فەرمانی دامەزراندنیان.

پزیشكە مانگرتووەكان ئامادە نین لێدوان بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن بدەن بە بیانووی ئەوەی لە دامەزراندنەكاندا نەكرێنە ئامانج و دوور بخرێنەوە لە لیستی دامەزراندن یان ڕەوانەی شوێنی دووریان بكەن لەكاتی گەڕانەوەی ناوەكانیاندا. تەنیا ئاماژەیان بەوە دا كە پێویستە حكوومەت بە فەرمی وەڵامی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی بداتەوە و دامەزراندنیان ڕابگەیەنێت.

د. ڕێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە"ی روون كردەوە، تەواوی ڕێكارە یاسایییەكانیان بەمەبەستی دامەزراندنی كارمەندان و پزیشكان تەواو كردووە و لیستەكەیان بەرز كردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، پێشبینی دەكەن لە سەرەتای ئەمساڵدا ناوەكان بگەڕێنەوە.

فاخیر كرمانجی بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی هەولێر بۆ "وشە"ی دووپات دەكاتەوە، "ئەگەرچی بە زارەكی بەو پزیشكانە ڕاگەیەنراوە كە بەردەوام بن لە كارەكانیان و دامەزراندنیان نزیكە، بەڵام ئەو پزیشكانە زیاتر لە سێ مانگ وەك خۆبەخش لە نەخۆشخانەكانی هەولێر و دەوربەر كاریان كرد و تا ئێستە ناوەكانیان نەگەڕاوەتەوە".

كرمانجی دەڵێ‌، "مانگرتنی ئەو پزیشكانە كاریگەری زۆری لەسەر نەخۆشخانەكانی دەوروبەری شاری هەولێر هەیە، بەڵام لەناو شاری هەولێر بەتایبەت لە هەرسێ نەخۆشخانەی فریاكەوتنەكە، پزیشكانی نیشتەجێی دێرین شوێنیان گرتوونەتەوە و نەیانهێشتووە بۆشایی لە نەخۆشخانەكاندا دروست بێت".

مانگرتنی پزیشكان لە كاتێكدایە كە زیاتر لە دوو مانگە نەخۆشخانەكانی هەولێر ڕووبەڕووی كێشەی دەرمان بوونەتەوە و بەهۆیەوە هاووڵاتییانی كەمدەرامەت بوونەتە قوربانی بارودۆخەكە. لە ئێستەشدا ئەگەر مانگرتنی پزیشكان بەردەوامی هەبێت، چاوەڕوان دەكرێت كەرتی تەندروستیی هەرێم ڕووبەڕووی كۆمەڵێك كێشەی گەورە ببێتەوە.

جگە لە مانگرتنی پزیشكانی نیشتەجێی خولاو، بەشێكی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی، مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە و بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی، تەنیا لە 11 مانگی ساڵی 2016دا دوو هەزار و 500 وازهێنان و مۆڵەتی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی تۆمار كراوە. 

د. ئامانج وەفایی گوتەبێژی سەندیكای پزیشكانی هەولێر ڕوونی كردەوە، "پێویستە حكوومەت بەزوویی ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، چونكە پزیشكان نابێت داببڕێن لە كاری خۆیان و دەبێت بەردەوام لە چالاكیدا بن. هەروەها ئەوان ئەوەی لە توانایاندا بوو كردوویانە و تەنیا دەتوانن سێ مانگ بەردەوام بن لە كاركردنی خۆبەخشانەدا".

وەفایی دەڵێ‌، "وەك سەندیكای پزیشكان هەوڵەكانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین شێوازێك بدۆزینەوە بۆ چارەسەری گرفتەكانیان، پێشنیازی ئەوەش بۆ وەزارەتی تەندروستی دەكەین كە لەو بڕە پارەی بە ناوی هاندانەوە دەدرێتە بەشێك لە پزیشكان و كارمەندان، ناوی ئەو پزیشكانەشی تێ بكرێت تا هیچ نەبێت لە بڕە پارەیەك سوودمەند بن تا ئەوكاتەی بە فەرمی ناویان دەگەڕێتەوە".

پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە ماوەی سێ‌ مانگی رابردوودا بەشێوەی خۆبەخش، بۆشایی نەبوونی پزیشكیان لە كۆمەڵێك لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی سنووری هەولێر پڕ كردبووەوە، بەڵام ئێستە كە ئەوان مانیان گرتووە، بۆشایی لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكاندا دروست بووە و ئەگەر پزیشكەكان بۆ سەر كار نەگەڕێنەوە، لە رۆژانی داهاتوودا كاریگەرییەكە بەتەواوەتی دەردەكەوێت.

وشە/ هەولێر- ماكوان عیزەت


وشە - تایبه‌ت