مەنجەڵی بوخار (هەڵمپەست)، لای بەشێكی ئافرەتان دێوەزمە و ترسێنەر و تۆقێنەرە و لای هەندێكیش بووەتە فریادڕەسی كاتی میوانی ناكاو و ئاسانكوڵانی خواردن و خواردەمەنییە نەكڵۆكەكان، هەندێك لەگەڵی دۆستن و هەندێكیش لێی پەستن، بەهۆی ئەوەی زیانی بە ئازیزان، یان كەسێك گەیاندووە كه خۆشەویست و دۆستیان بوون، ئەویش بەهۆی تەقینی سەری مەنجەڵەكەوە كە زۆرجار بەهۆی هەڵەیەكەوە، هەوای مۆڵدراوی ناو مەنجەڵەكە، بە هێزێكی زۆر دەردەپەڕێت و ئەگەر بەر هەر كەسێك بكەوێت، زیانی گەورەی لێ دەدات.
مەنجەڵی بوخار چۆن كار دەكات؟
مەنجەڵەكە لە ئاسنێكی دژە ژەنگكردن یان ئەلەمنیۆم دروست دەكرێت، لاستیكەكە ناهێڵێت بوخاری هەڵمی ئاوەكە بچێتە دەرەوە و جڵەوگیری دەكات.
مەنجەڵی بوخار، ئەو مادەی تێ دەكرێت كە خواردنساز گەرەكیەتی بكوڵێ، كە دەبێ رێژەیەكی پێویستی ئاویشی لەگەڵدا بێت، پاشان بە توندی سەرەكەی دەبەسترێ، لە سەرەوە زمانەیەك هەیە بەردەوام لە كاتی كوڵاندا دەسووڕێتەوە بۆ ڕاگرتن و رێكخستنی پاڵەپەستۆی نێو مەنجەڵەكە، كاتێك كاتی پێویست بۆ كوڵاندن تەواو بوو و زەنگی لێ دا، پێش ئەوەی سەرە مەنجەڵەكە لا بدرێت، پێویستە ئەو زمانەیەی سەرەوە بكرێتەوە و هەموو هەڵم و پاڵەپەستۆكە بەتاڵ ببنەوە، تا لە كاتی كردنەوەی سەرە مەنجەڵەكەدا، دەرنەپەڕێت و بە سانایی سەری مەنجەڵەكە لا بدرێت. بەهۆی مۆڵخواردنی هەڵم و بوونی پاڵەپەستۆ و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زۆر، ئەو خواردن و مادەی لەناو مەنجەڵی بوخاردا دەكوڵێت، زۆر زووتر لەوە دەكوڵێت كە بخرێتە ناو مەنجەڵی ئاسایی.
چۆن وا دەكات خواردنەكە زوو بكوڵێت؟
هەموو شلەمەنییەك لە پلەیەكی گەمی دیاریكراودا دەكوڵێت، بۆ ئاو 100 پلەی سانتی گراندی پێویستە، خاڵی كوڵانی شلەكان لەگەڵ بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی نێو مەنجەڵەكە بەرز دەبێتەوە و لەگەڵ كەمبوونەوەی پاڵەپەستۆكە كەم دەبێتەوە، هەر لەبەرئەوەیە، مەنجەڵی بوخار بەكار دەهێنرێت بۆ كوڵاندن، بەو پێیەی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆكە، كوڵان خێراتر دەكات و بە كوڵانی ئاوەكە، ئەو مادەیەی لەگەڵیدایە دەست بە كوڵاندن دەكات، كاتێك هەر خواردنێك لەگەڵ ئاو دەخرێتە ناو مەنجەڵ و گەرمی پێ دەدرێت، ئاوەكە دەكوڵێ و دەبێتە هەڵمیش، هەڵمی ئاوەكە بەرەبەرە زیاتر دەبێت، دەبێتە هۆكارێك بۆ بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی ناو مەنجەڵەكە و بەو شێوەیە خاڵی كوڵاندنی ئاوەكە بۆ 130 پلەی سانتیگراد بەرز دەبێتەوە.
كێ مەنجەڵی بوخاری داهێنا؟
دینیس پاپن، زانای فیزیایی فڕەنسی، لە ساڵی 1679 مەنجەڵی هەڵمی و پاڵەپەستۆی بە قەبارەی گەورە داهێنا، دواتر یەكەم مەنجەڵی هەڵمی لە ئەلەمنیۆم دروستكراو لە ساڵی 1915ـدا هاتە بەرهەم، ئینجا لە ساڵی 1937ـدا ئالفرێد ڤیچلەر، توانی ئەو مەنجەڵە بوخارەی ئێستە لە ماڵان و چێشتخانەی ماڵاندا هەیە، بەو قەبارە بچووكە دابهێنێت.
تامولەزەتی وەك خۆی دەمێنێت و ڤیتامینیش كەمتر ون دەكات و خاوێنتریشە
پرسیاری گرینگ ئەوەیە، ئایا تام و بەهای خۆراكی ناو مەنجەڵی بوخاردا لە دەست دەدرێت؟ لە وەڵامی ئەوەدا زانایانی فڕەنسی و ئەوانی تریش، باسی ئەوەیان كردووە ڤیتامین (ج) كە كارتێكراوترین ڤیتامینە بە پرۆسەی ئۆكسان و پلەی گەرمی، لە باری لێنانی بە مەنجەڵی بوخار (هەڵمپەست)، 27.8%ـی لە دەست دەدا، بەڵام لە باری لێنانی بە مەنجەڵی ئاسایی 33.6% لە دەست دەدات، خۆ ئەگەر بە لێنانی هێواش بكوڵێنرێت و گەرمی هیواشی هەبێ تا (دەم دەدات)، ڕێژەی لەدەستدانی ڤیتامین و بەهای خۆراكی دەگاتە 48.7%. هاوكات هۆیەكی تری مانەوەی رێژەی بەرزی ڤیتامین و بەها خۆراكییەكانی ناو مەنجەڵی بوخار، بەهۆی ئەوەیە كە سەری مەنجەڵەكە داخراوە و بەبا ناچێ.
خواردنی ناو مەنجەڵی بوخار، موعەقەم دەبێت (لە ڤایرۆس خاوێن دەكرێتەوە)، بەو پێیەی لەو پلە بەرزەی گەرمیدا، بەكتریا لە نێو دەبات، هەروەها تام و خۆشی و چێژیشی دەمێنێت، بەو پێیەی ماوەیەكی زۆری پێ ناچێت تا دەكوڵێت، رێژەی شلیشی كەم دەبێت، ئەوەیش پارێزگاری لە تاموچێژەكەی دەكات. هەروەها كات كەمتر دەكوژێت و غاز و مادەی سووتەمەنی كەمتر خەرج دەكات.
ئەوانەی دەستیان پێی سووتاوە چی دەڵێن؟
دیمەن عەبدولڕەحیم، لەوكاتەی مەنجەڵی بوخاری بۆ كوڵاندنی گۆشت بەكار هێناوە، وەك خۆی دەڵێت پێش ئەوەی بیكوژێنێتەوە، مەنجەڵەكە تەقیوە و سەرەكەی فڕێ داوە، بەشێكی دەموچاوی بەو هۆیەوە سووتاوە، لەو كاتەوە تا ئێستە نەیوێراوە مەنجەڵی بوخار بەكار بێنێت.
گەوهەر ڕەئووف، بەم دواییە مەنجەڵێكی بوخاری بە دیاری بۆ چووە، لە یەكەم گۆشت و چێشتیدا بەو مەنجەڵە، تەقیوە و سەری مەنجەڵەكە پەڕیوەتە سەربان، وەك خۆی دەڵێ، ددانیان بۆ خواردنی گۆشت تیژ كردبوو، بەڵام هەموو گۆشتەكەیشی خەسار بووە و ناچار بوون ئەو ژەمە پەنا بۆ خواردنی سادە ببەن و بوخار تامی گۆشتی بۆ پەتاته و تەماتە لێ گۆڕیون.
بەكارهێنانی بوخار ترسی نییە
هاوین عەلی، یەكێكە لەو ئافرەتانەی بەردەوام بوخار بەكار دێنێت، چی سەروەختی بوونی میوان یان نا، وەك خۆی دەڵێ، بۆ كوڵاندنی گۆشت بەردەوام پەنا دەباتە بەر مەنجەڵی بوخار. ئەو دەڵێ "بەكارهێنانی ئەو مەنجەڵە، هیچ مەترسییەكی نییە، بەو مەرجەی مەنجەڵەكە كوالێتی باش بێ و فافۆن لە ستیل باشترە و تامی گۆشتەكە یان هەر خواردنێك كە پێی بكوڵێنی، تێك نادات، دەشبێت كەسەكە شارەزایی لێی هەبێت و لاستیكی قەپاخی مەنجەڵەكە بە باشی بخرێتە شوێنی خۆی".
ئاماژە بەوەیش دەكات كە هەندێ دانەوێڵەی وەك نۆك و فاسۆلیا بە بوخار لێ دەنێت، وەك ڕێنوێنیش ئەوە دەخاتە ڕوو، ئەگەر پێش تێكردنی گۆشت یان هەر شتێك كە بتەوێت بیكوڵینێت، كەمێك رۆنی زەیت بخرێتە ناو مەنجەڵەكە، بۆ ئەوەی رێ لە دروستكردنی كەف بگرێت، كە دەبێتە هۆی گیرانی كونی هەوای مەنجەڵەكە و تەقینەوەی مەنجەڵەكە كە كارەساتی لێ دەكەوێتەوە.
لەم بارانەدا مەنجەڵی بوخار مەترسی دروست دەكات
لە باری باش توندنەكردنی سەرمەنجەڵی بوخارەكە، یان بوونی كون لە مەنجەڵەكەدا، یان توندنەكردنی زمانەی هەواگۆڕكێی بەشی سەرەوەی مەنجەڵی بوخارەكە، یان كردنەوەی سەری مەنجەڵەكە پێش بەتاڵكردنی هەڵم و پەستانی ناو مەنجەڵەكە، یان خراپبوونی لاستیكی قەپاخی مەنجەڵەكە، یان خراپیی كوالێتیی مەنجەڵەكە.
پاسی (پۆڵۆنی و ئۆپڵ)ـیش، مەنجەڵی بوخارن
پێشتر بەهۆی نەبوونی سیستەمی فێنككەرەوە لەناو پاسی پۆڵۆنی، لە سلێمانی بەو جۆرە پاسە نەفەرگوێزەرەوەیە گوتراوە مەنجەڵی بوخار، كەسێكیش بە یادی پۆڵۆنییەوە، شیعری بەسەر ئۆپڵێكی خۆیدا هەڵداوە و دەڵێ: ئۆپڵەكەم ڤێكترایە، وەك مەنجەڵی بوخار وایە، هاوین هەڵاوی لێ هەڵدەستێ، زستانیش دەیبەستێ.