منداڵەكانی كلایی لەسەر سەروەت و سامان دەبێتە كێشەیان
هەر نۆ منداڵەكەی ئەستێرەی كۆچكردووی مشتەكۆڵەی جیهان محەمەد عەلی كلایی لەسەر سەروەت و سامانەكەی باوكیان دەبێتە كێشەیان كە بایی 80 ملیۆن دۆلار دەبێت.
كلایی كە پارساڵ بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، لە دوای خۆی 9 منداڵ و لۆنی عەلی هاوسەری بەجێهێشت، لە دوای خۆشی چەندان باڵەخانە و چێشتخانەی بەجێما كە نرخەكەی بە 80 ملیۆن دۆلار دەخەملێنرێ.
رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: بەگوێرەی یاسای ئەمەریكا لۆنی هاوسەری دوو هێندەی بەشی منداڵەكانی لەسەروەت و سامانەكەی كلایی وەردەگرێت، ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەبوونی هەر حەوت منداڵەكەی كلایی كە پێش مردنی باوكیان تا سەر ئێسقان ركیان لەو زڕ دایكەیان دەبووەوە.
رۆژنامەكە هەروەها بڵاوی كردەوە كە حەوت كچەكەی كلایی لەگەڵ دوو كوڕەكەی لەسەر سەروەت و سامانەكەی باوكیان پەیوەندییان تێكچووە، چاوەڕوانیش دەكرێ هەریەكەیان 6 ملیۆن دۆلار لە بەشی سەروەت و سامان پێ دەدرێ، لەبەرامبەریشدا زڕ دایكەكەیان نزیكەی 15 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت.
سەرچاوەكە بڵاویشی كردەوە كە دوای مردنی كلایی سەرجەم منداڵەكانی هەوڵیان دەدا لە زڕ دایكەكەیان نزیك ببنەوە بۆ ئەوەی بەشی زیاتر لە سەرەوەت سامان وەربگرن، لە كاتێكدا پێشتر بە ئاشكرا رقی خۆیان بەسەر ئەو زڕ دایكە پێشان دەدا و تەنانەت زۆر جاریش هەوڵیاندابوو بەیەكجاری لە باوكیان دووری بخەنەوە.
بڵاویشی كردەوە كە ناكۆكی نێوان منداڵەكان تەنانەت لە كاتی ناشتنی باوكیشیان سەری هەڵدابوو بەوەی كە بەشێكیان زیاتر پەیوەستن بە ئاینی ئیسلامەوە و دەیانویست بەر لە تێپەڕبوونی 48 سەعات بە خاك بسپێردرێت، تەنانەت لە كاتی بەڕێكردنی تەرمی كلایش هیچ لە منداڵەكانی ئامادە نەبوون تابووتەكەی هەڵبگرن و لە شوێنی ئەوانیش هەریەك لە پاڵەوانانی مشتەكۆڵە مایك تایسۆن و لینكۆس لویس و ویل سمیت لە پێشەوەی كەژاوەی بەڕێكردنی تابووتی كلاییدا بوون.
رەحمانی برای كلایی پێشتر پشتڕاستی كردبووەوە كە منداڵەكانی كلایی لەسەر سەروەت و سامانی باوكیان بووەتە كێشەیان و بەتایبەتیش لەگەڵ كوڕە هەڵگیراوەكەیان بەناوی ئەسعەد كە كلایی و لۆنی لە ساڵی 1986 ئەركی بەخێوكردنیان گرتبووە ئەستۆ.
وشە -
ئامانج ئهكرهم