"وشە" زانیاری لەسەر كوشتنی ژنێك بە دار و شیش بڵاو دەكاتەوە

:: PM:12:19:09/01/2017 ‌

سەعات 12ی شەوی ڕابردوو لە شارەدێی دیبەگەی سەر بەپارێزگای هەولێر، پیاوێك ژنەكەی كوشت، ئەوەش دوابەدوای لێدانی زۆری بە دار و شیش و پۆلیسی شارەدێكەش دەڵێ، ئێستە پیاوەكە گیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا دەستی پێ كردووە.

ئەیووب جەوهەر بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێی دیبەگە بە"وشە"ی راگەیاند، شەوی رابردوو پیاوێك بەناوی (ك.ح) كە تەمەنی 30 ساڵ دەبێت لە ژنەكەی داوە بەناوی (ف.س) سەرئەنجام ژنەكە گیانی لە دەست داوە .

بەڕێوەبەری پۆلیس دەڵێ‌، پیاوەكە ڕێژەیەكی زۆری مەی خواردووەتەوە و كێشەی لەگەڵ ژنەكەیدا دروست كردووە.

ئەیووب جەوهەر ئاشكرای كرد، پیاوەكە لەكاتی لێدان لە ژنەكەی دار و شیشی بەكار هێناوە و ئێستە لەلایەن پۆلیسەوە گیراوە و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێ كردووە.

لەبارەی باری دارایی ئەو خێزانە بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێی دیبەگە گوتی، پیاوەكە شۆفیری تاكسییە و ژنەكەیشی لە ماڵەوەیە و باری دارایی خێزانەكە ناوەندییە .

ئەوە لەكاتێكدایە بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان، رێژەی ژن كوشتن كەمی كردبوو، بەڵام لە مانگی رابردوو تا ئێستە چەند حاڵەتێكی كوشتنی ژنان تۆمار كراون.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم