لە كوردستان لە هەر هەشت كەس تەنیا یەكیان كاری دەست كەوتووە

:: AM:10:52:07/06/2019 ‌
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە ٨٨ هەزار دەرچووی هەیە، ئەوانە كە هێزی كارن و چاویان لە دامەزراندنە، فەرمانگەكانی حكوومەت بەسەر كارمەنددا دەڕووخێت و دەرفەتی كار لە كەرتی تایبەتیش ئەو ژمارەی پێ هەزم ناكرێت، كە تەنیا لەو سێ ساڵەدا زیاتر لە ٧٩ هەزاریان دەستبەتاڵ ماونەتەوە.

شاخەوان محەمەدی دەرچووی ژمێریاری و كۆمپیوتەر، سێ ساڵ لەمەوبەر لە زانكۆیەكی كوردستان دەرچووە و تا ماوەی ڕابردوو به ‌بێكاری كاتەكانی بە چایخانە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەڕێ دەكرد، ئەو كە هیچ ساڵێك نەماوەتەوە، تەمەنی ٢٥ ساڵە و بڕوانامەكەی دینارێكی بۆ پەیدا نەكردووە، ئەو ژنهێنانی لە پێشە و وەك هەر كەسێكی تر ئارەزووی خانوو و ئۆتۆمبێلی هەیە، دەڵێ "سیڤیم پێشكەشی چوار كۆمپانیا كردووە و هێشتا بێكارم".

شاخەوان نموونەیەكی دەیان هەزار گەنجی ئەم هەرێمەیە و بۆ ئەوەی هێز و وزەی كاری ساڵانەی كوردستانی باشوورت دەست بكەوێت (كە لە گەنجاندا كۆ بووەتەوە)، ژمارەی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان بەرچاو ڕوون دەكەنەوە، بەو پێیەی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بەمەبەستی دامەزراندن لە فەرمانگە حكوومییەكان و وەچەنگكەوتنی كار لە كەرتی تایبەت، خەڵك بەیەكجار ڕووی لە خوێندن كردەوە، جاران كە ئەو منداڵانەی نە دەخرانە بەرخوێندن، یان لە نیوەی ڕێیەكە بەجێیان دەهێشت، ئێستە ئەوە زۆر كەم بووەتەوە، لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا ١٠٨ نەخوێندەوار و ٥٥٥ كەس كە بڕوانامەی بنەڕەتیان هەبووە لە بەڕێوەبەرایەتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بەمەبەستی وەچەنگ كەوتنی كار ناویان تۆمار كردووە، لە بەرانبەریشدا هەزار و ٧٣٨ خاوەن بڕوانامەی ئامادەیی و دیپلۆم و بەكالۆریۆس و خوێندنی باڵا هەن، خواستی بەلێشاوی بەدەستهێنانی بڕوانامە زیاتر لە توانای قوتابخانەكان بوون، كە بەپێی داتاكان تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە تا ٢٠١٤، لە پارێزگای هەولێر ٦٠٨ قوتابخانە و باخچەی ساوایان بنیات نران و جیا لە قوتابخانە و پەیمانگە و كۆلیژە حكوومییەكان، ژمارەیەكی بەرچاوی تایبەتیش كرانەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هێز و وزەی كاری ساڵانەی كوردستان نزیكەی ٣٠ هەزار كەسە، كە لە سێ ساڵی ڕابردوودا  ٨٨ هەزار و ٦٣٨ قوتابی لە زانكۆكانی كوردستان دەرچوون، هەڵبەت هەموو ئەوانە كە ساڵانێك لە وەچەنگ كەوتنی بڕوانامە شەونخوونییان چێشتووە، بەهۆیەوە چاویان لە كەرتی گشتی و تایبەتە جێی خۆیانی تێدا بكەنەوە.

جاران كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەرانی بۆ ئاسایی بوو، ساڵانە ژمارەیەك لە دەرچووانی وەزارەتی خوێندنی باڵای لە فەرمانگەكانی دەپەستا و مەبەستی بوو هەمووان لە حكوومەتدا مانگانەیەكیان هەبێت، تەنگژەی دارایی باجی ئەو هەلە گەورەیەی پێشان دا و دامەزراندنی لە كەرتی گشتی بۆ دەرچووان كردە خەونێكی وەدی نەهاتوو.

لە بەرانبەریشدا كەرتی تایبەت دەرفەتی كاری ئەو لەشكرەی هێزی كاری هەرێمی كوردستانی نییە و لە سێ ساڵی ڕابردوودا لە هەردوو وەزارەتەكانی بازرگانی و پیشەسازی و كار و كاروباری كۆمەڵایەتیدا، نۆ هەزار و ٤٦٠ دەستەبەری كار هەبووە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی سێ ساڵدا و لەو كارگانەی لەو ماوەیەدا دامەزراون، چوار هەزار و ٢٤١ كرێكار كاریان دەست كەوتووە.

هەلی كار تا ئاستێك لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی زیاترە و بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی دیوانی وەزارەت، لە سێ ساڵی ڕابردوودا پێنج هەزار و ٢١٩ دەرفەتی كار هەبووە.

دكتۆر عارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ڕای دەگەیەنێ، زۆر لە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان بەگوێرەی شارەزاییان، خۆیان بەدوای كاردا دەگەڕێن، ئەو ئاماژە بۆ سێ ستراتیجی كاریان دەدات بۆ كەمكردنەوەی بێكاری و دەڵێ، "شەش سەنتەری بەكارخستنمان هەیە كە تێیاندا بێكاران ناونووس دەكرێن و لەگەڵ ڕێكخراوێكی ئەڵمانیش سەنتەری گەڕۆكمان داهێناوە بۆ ئەو شوێنانەی سەنتەریان نییە، كە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ٣٠ هەزار كەس ناویان تۆمار كردووە، ستراتیجی دووەمان فێركردنی پیشەیە بۆ بێكاران، كە لە كوردستان شەش سەنتەری ڕاهێنانمان هەیە و ئەو پیشانە فێر دەكرێن كە لە بازاڕەكاندا كاریان هەیە، ستراتیجی سێیەم پێدانی قەرزی بچووكە، لەگەڵ ئەوەی تەنگژەی دارایی ڕایگرتووە، بەڵام لە ڕابردوودا هەشت هەزار و ١٣٦ كەس لێی سوودمەند بوونە".

بۆ دۆزینەوەی هەلی كار، بەڕێوەبەرایەتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لیژنەیەكی دامەزراندووە كە سەردانی پڕۆژەكان دەكات و ئەگەر كرێكاریان پێویست بێت، هێزی كاری ناوخۆیان تێدا وەگەڕ دەخەن كە ئێستە بەهۆی تەنگژەیی داراییەوە كاری لیژنەكان سستە، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە سایتێكیشیان هەیە كە تێیدا بێكار و خاوەنكار یەكتر دەدۆزنەوە. دكتۆر عارف حیتۆ پێی وایە ئەگەر گرنگی بە كەرتی تایبەت بدرێت و كاراكردنی یاسای دەستەبەركردنی خانەنشینی كرێكاران لە كەرتی تایبەت، ئەوا كوردستان بەشی كارخوازانی هەلی كاری هەیە.

لە بەدواداچوونی "وشە"دا دەركەوت، تەنیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەو ٨٨ هەزار و ٥٦٥ دەرچووەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەڵبەت ئەو ژمارەیە جیا لەوانەی لە بنەڕەتی و ئامادەیی بەهەر هۆكارێك بێت لە خوێندن دوور كەوتوونەتەوە، تەنیا نۆ هەزار و ٤٦٠ دەستەبەری كار هەبووە و ٧٩ هەزار و ١٧٨ دەرچووی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بێكار ماونەتەوە و ئەگەر لە باوان و لە ڕێی نزیكییەوە كارێكیان دەست نەكەوتبێت، یان خۆیان لە بازاڕەكاندا جێ نەكردبێتەوە، ئەوا ڕۆژانە تواناكانیان لە بەتاڵە و كافتریا و چاخانەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكوژرێت و ئەو ژمارەیەش تا دێت زیاتر دەبێت، كە لە چەند مانگی ئایندەدا نزیكەی ٣٠ هەزار دەرچووی ئەمساڵیشی دێتە سەر.

لە پڕكردنەوەی دەرفەتی كار بۆ گەنجان لە كەرتی تایبەت، كوردستان پێویستی بە دامەزراندنی كارگەی گەورەی پیشەسازی نیشتمانییە كە جگە لە ڕەخساندنی دەرفەتی كار، بەرهەمی ناوخۆ دەستەبەر دەكەن و چیتر لە پێداویستییە سەرەكییەكان حەوجێی وڵاتان نابێت، تا بەهۆیانەوە ساڵانە پارەیەكی قەبە نەڕواتە دەرەوە و جڵەوی بازاڕەكەشی بكەوێتەوە ‌دەست.

ڕەنگە ئەوانە دادی دەرچووانی پێشتری خوێندنی باڵا نەدات، بەڵام شاخەوان ڕێ ڕاستەكەی دۆزیوەتەوە و دوای ئەوەی بۆی دەردەكەوێت دانیشتن بەدیار بڕوانامەكەی هیچی بۆ پەیدا ناكات، چیتر تاقەتی پڕكردنەوەی فۆڕم و ناردنی سیڤیشی بۆ ئەم كۆمپانیا و ئەو كارگەیەی نەماوە، ئێستە لە خولێكی سەرتاشی خۆی فێری سەرچاكردن دەكات و دەیەوێ وەك هاوڕێكەی لەو ڕێیەوە تواناكانی وەگەڕ بخات و خەونەكانی وەدی بهێنێت.

چواس خالید



وشە - وشه‌