ئیخوانی و سەلەفییەكان بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو دەكەن

:: PM:01:26:09/01/2017 ‌

هەریەك لە رەوتە سەلەفی و ئیخوانییەكانی عێراق،خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ئامادە دەكەن و داوای مۆڵەتی پێكهێنانی لیستەكانیان پێشكەش بە كۆمیسیۆن كردووە. 

ڕەشاد بەحری بەرپرسی یاسایی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژردنەكانی عێراق لەشاری بەغدا بە "وشە"ی راگەیاند، هەفتەی رابردوو كارە یاسایییەكانی تۆماركردنی لیستەكەیان لە كۆمیسیۆن تەواو كردووە.ئەو دەڵێ‌، "داواكارییەكەی هەریەك لە لیستی ئیخوان موسلیمین و سەلەفیەتی عێراقی تەنیا چەند ڕێكارێكی وەزارەتی ناوخۆیییان ماوە تەواوی بكەن".

بەگوتەی بەحری، تا ئێستە 28 لیستی جیاواز بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق خۆیان تۆمار كردووە و لەو رێژەیەدا 11 لیستی نوێی تێدایە كە بۆ یەكەمجارە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەكەن.

زیاتر دەڵێ‌، "هاوكات 20 لیستی تر لە ئامادەكاریدان بۆ خۆتۆماركردن لە كۆمسیۆن".

لیستی سەلەفییەكان وەك بەرپرسە یاسایییەكەی كۆمیسیۆن روونی دەكاتەوە، لەسەر هاوپەیمانی نوێ‌ تۆمار كراوە و لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانن دوای هەڵبژاردن یان چەند رۆژێك پێش هەڵبژاردنەكان یەكگرتنی لیستەكەیان لەگەڵ لیستی تر رابگەیەنن.

عەمدان خەتیبی پارێزەری یاسایی لیستی سەلەفییەكانی عێراق بۆ "وشە" دەڵێ‌، "ئێمە دڕندە نین تا ڕێگەمان پێنەدرێت بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەین، هەروەها چەند لیستێكی تری ئیسلامیش هەن لە هەڵبژاردنەكانی عێراق بەشداری دەكەن و ئێمەش بڕیارمان داوە ئەمجارە بەشداری بكەین".

خەتیبی زیاتر دەڵێ‌، "چەند لیستێك پێشنیازی تۆماری هاوپەیمانیان پێشكەش كردووین، لەوانە لیستەكەی حەنان فەتلاوی كە ڕۆژێك پێش ئێمە مۆڵەتی فەرمییان لە كۆمسیۆن وەرگرتووە، بەڵام ئێمە تەنیا پێشنیازەكانمان وەرگرتووە و تا كۆتای تۆماری لیستەكان بەردەوام دەبین و ئینجا بڕیاری خۆمان لەسەر هاوپەیمانی دەدەین".

لەبارەی بوونی هاوپەیمانی سەلەفییەكان لەگەڵ ئیخوانەكان روونی كردەوە، "ناڵێینهاوپەیمانی لەگەڵ ئیخوانەكان ناكرێت، بەڵام زۆر قورسە، چونكە خاوەنی دوو بیركردنەوەی جیاوازین، ئەوان دەیانەوێت بەشەڕ كێشەكان یەكلابكەنەوە و زۆرجار پەنای بۆ دەبەن، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوان، ئێمە گفتوگۆمان هەڵبژاردووە".

لە ئەگەری پشتیوانی سەلەفییەكانی كوردستان خەتیبی دەڵێ‌، "نازانم پێوەندییان هەیە لەگەڵمان یان نا، بەڵام سەلەفیەت بەگشتی یەك بیروڕامان هەیە، ئەویش كاری باش و چاكتركردن و ڕێگەی راستە".

ئێستە كە سەلەفییەكانی عێراق خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو یەكلا كردووەتەوە، دیار نییە ئاخۆ سەلەفییەكانی كوردستان هەمان كار دەكەن یان نا."وشە" چەند جارێك هەوڵی پێوەندیكردنی لەگەڵ كەسی یەكەمی سەلەفی لە كوردستان دا، بەڵام هەوڵەكان بێئەنجام بوون.


وشە - رامیار جەواد