ئەو خۆراكانەی خوێنبەرەكان باشتر دەكەن

:: PM:02:04:08/06/2019 ‌
خوێنبەر خوێنی پڕ لە ئۆكسجین دەگوازێتەوە بۆ خانە جۆراوجۆرەكان و شانە و ئەندامەكانی لەش. وا دەكات فەرمان و كارەكانیان زۆر بە باشی ئەنجام بدەن، زۆر شتی جیاواز هەیە كە كار لە خوێنبەرەكان دەكەن و رێ لە رۆیشتنی ئۆكسجین و خوێن دەگرن بۆ لەش. 

ئەمانەش چەند هۆكارێكن. تەمەن، بۆماوەیی، بەرزی پەستانی خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆڵیسترۆڵی خراپ، بەرزی شەكر لە خوێندا، خۆراكی ناتەندروست، جگەرەكێشان، فشاری بەردەوام، قەڵەوی و زیاد بوونی كێش، شێوازی ژیان. هەموو ئەم هۆكارانە كار لە خوێنبەرەكان دەكەن و دەبنە هۆی ئەوەی خوێنی پر لە ئۆكسجین بە رێژەیەكی كەمتر دەگات بە خانە و شانەكانی لەش.

ئەگەر خوێنی پر لە ئۆكسجین بە رێژەیەكی زۆر بە دل نەگات ئەوە دڵ تووشی چەندان نەخۆشی دەبێتەوە بەتایبەتی جەڵتەی دڵ. یان ئەگەر بڕێكی كەم ئۆكسجین بەمێشك بدات رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی كە جەڵتەی مێشك دروست ببێت.

زۆر دەمان هەیە بۆ چارەسەركردنی خوێنبەرەكان و باشتَركردنیان، بەڵام باشتر وایە خوێنەبەرەكان لە رێی خۆراكەوە چارەسەر بكرێت. چەندان خۆراك هەن كە باشن بۆ خوێنبەرەكان و پێویستە رۆژانە بخورێن. ئەمانە چەند جۆرێكن لەو خۆراكانەی كە خوێنبەرەكان باشتر دەكەن.

یەكەم: دانەوێڵەی تەواو، دانەوێڵە زۆر باشە بۆ لەش چونكە بڕێكی زۆر ریشاڵی خۆراكی تێدایە لەگەڵ ئەو خۆراكانەی كە كۆڵیسترۆڵ كەم دەكەنەوە،  وادەكات رێ لە گیرانی خوێنبەرەكان بگرێت. دانەوێڵە زۆر باشە بۆ هێشتنەوەی ریخۆڵەكان بە شێوەیەكی تەندروست.

دووەم: سەوزە پڕ گەڵاكان، جگە لە دانەوێڵە دەتوانرێت بڕێكی باش ریشاڵ لە رێی سەوزەكانەوە وەربگیرێت. زیادكردنی سەوزە لە خۆراكی رۆژانەدا زۆر پێویستە چونكە یارمەتی رێكخستنی شەكری خوێن و قەڵەوی دەدات كە هۆكارێكن بۆ گیرانی خوێنەبەرەكانی لەش.

سێیەم: زەیتی زەیتوون، كاتێك زەڵاتە دەخۆیت باشتر وایە بڕێكی باش زەیتی زەیتوونی تێدا بەكار بهێنرێت. چونكە زەیتی زەیتوون چەندان پێكهاتەی تێدایە كە رێ لە گیرانی خوێنبەرەكان دەگرێت و رۆیشتنی خوێن باشتر دەكات.

چوارەم: تۆو و چەرەزات، چەندان جۆری جیاوازی تۆو و چەرەزات هەیە كە یارمەتی خوێنبەرەكان دەدات و رۆیشتنی خوێن باشتر دەكات، پرۆتینیان تێدایە كە دیواری خوێنبەرەكان دەپارێزێت و مەگنیسیۆمی تێدایە كە پەستانی خوێن نزم دەكاتەوە و یارمەتی كەمكردنەوەی ئاستی كۆڵیسترۆڵ دەدات لە خوێندا.

پێنجەم: ماسی چەور، ئەو چەورییەی لە ماسیدا هەیە زۆر سوودبەخشە بۆ لەش، وادەكات خوێنبەرەكان باشتر ببن و ئاستی كۆڵیسترۆڵی خراپ كەم دەكاتەوە. هەروەها رێ لە هەوكردن دەگرێت كە هۆكارێكە بۆ نەخۆشییەكانی دڵ . 



وشە - ئاوات ئازاد