بەهۆی قەرزەوە تۆڕی راگەیاندنی عێراقی دادەخرێت

:: PM:05:14:09/06/2019 ‌
ئەمڕۆ یەكشەم نۆی حوزەیران، بەگوێرەی بەڵگەنامەیەك كە "بەغدادیەوم" بڵاوی كردووەتەوە، نووسینگەی راگەیاند و پێوەندییەكانی حكوومەتی عێراق نووسراوێكی بۆ ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە لە بارەی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی، تێیدا هۆشداری دەدات لە وەستاندنی تەواوەتی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی لە پەخش بەهۆی كەڵەكە بوونی قەرزەكانی، دەڵێ، ئەگەر قەرزەكانی نەدرێتەوە ئەوا دادەخرێت.

بەگوێرەی بەڵگەنامەكە كە رۆژی دووی ئەم مانگە لە وەزارەتی دەرەوە ئاراستەی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، باس لە نووسراوێكی دامەزراوەی عەرەبی بۆ پیًَوەندیی ئاسمانی كە مەبەست لێی پەخشی كەناڵە ئاسمانییەكانە، لەوێدا هۆشداری دراوە بە داخستنی سەرجەم كەناڵە ئاسمانییەكانی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی بەهۆی كەڵەكە بوونی قەرزەكانی.

لە نووسراوەكەدا هاتووە، تا سبەی دووشەم 10ی حوزەیران ئەگەر سەرجەم قەرزەكانی پەخشی ئاسمانی نەدرێت، ئەوا پەخشی كەناڵەكانی سەر بە دامەزراوەی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی رادەگیردرێت.

جێی بیرخستنەوەیە تۆڕی راگەیاندنی عێراقی، یەكەمین تۆڕی راگەیاندن بووە دوای رووخانی رژێمی بەعس دامەزراوەتەوە كە خۆی لە چەند كەناڵێكی ئاسمانی و رۆژنامە و رادیۆ و ماڵپەڕێكی هەواڵی دەبینێتەوە و بەرنامەكانی بە زمانی عەرەبی و كوردی و توركمانی و مەسیحی بڵاو دەكاتەوە و نووسینگەیشی لە هەرێمی كوردستان و سەرجەم شارەكانی عێراقی هەیە.


وشە - فه‌رمان سادق