میدیای ئەمەریكی: خامنەیی 20 ساڵە بە حكوومەتی سێبەر ئێران بەڕێوە دەبات

:: PM:07:38:09/06/2019 ‌
هەمیشە لە كۆبوونەوەكانی عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی لەگەڵ كابینەی حكوومەتەكەی حەسەن روحانی، كۆمەڵە كەسێك لە پشتەوەی خامنەیی دەبینرێن، میدیایەكی ئەمەریكی ئاشكرای دەكات، ئەو كەسانە لە بنەڕەتدا ئەندامانی حكوومەتە سێبەرەكەی خامنەیین كە حوكمی وڵات لە پشتەوەی پەردە دەكەن.
 
ئەمڕۆ یەكشەم نۆی حوزەیران، رادیۆی فەردای ئەمەریكی كە بەشێكە لە تۆڕی هەواڵی دەنگی ئەمەریكا و پەخشی بە زمانی فارسییە و گرنگی بە كاروباری ئێران دەدات، لە راپۆرتێكدا پەردە لەسەر حكوومەتە سێبەرەكەی عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران هەڵماڵی كە لە پشت پەردەوە حوكمی ئێران دەكات و سیاسەتی وڵات دادەڕێژێت، لە هەمانكاتیشدا بەرانبەر بە پەرلەمان بەرپرسیار نییە.

رادیۆی فەردا دەڵێ، ئەوانەی دەوری خامنەییان داوە تۆڕێكی ئاڵۆزن و كۆمەڵێك راوێژكاری زۆر نزیكن لێی و شارەزای جیاوازییان تێدایە لە سیاسەت و تەناهی و ئابووری و رۆشنبیری. ئەوەیش دەخاتەڕوو كە ئەو تۆڕە لە ساڵی 1999 وردە وردە پێكهێنراوە و لە رێگەی ئەوانەوە خامنەیی دەسەڵاتی بەسەر سەرجەم جومگەكانی دەسەڵات لە ئێران گرتووە و بووەتە رێگر لەوەی رێگە نادات هیچ حكوومەتێك بە سەرۆكایەتی هەر كەسێك بێت لە سیاسەتی خامنەیی لا بدات.

جەنەڕاڵ عەلی شەهبازی سەرۆكی پێشتری دەستەی ئەركان لە راوێژكارە پێشەنگەكانی خامنەییە، عەلی تەسخیری راوێژكاری كاروباری جیهانی ئیسلامیی، حوسێن دەهجان راوێژكاری بەرگری كە پێشتر ماوەیەكی زۆر وەزیری بەرگری بووە، هەروەها حوسێن فەیرروز ئابادی راوێژكاری سەربازی كە ماوەیەك سەركردەی گشتی هێزی چەكدار بووە.
 
بازنەی راوێژكارەكانی خامنەیی كەسانی شارەزای لە بوارەكانی تریش تێدان وەك عەلی ئەكبەر ولایەتی كە ئێستە راوێژكارە بۆ كاروباری نێودەوڵەتی كە پێشتر وەزیری دەرەوە بووە و غولام عەلی حەداد ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا بۆ شۆڕشی رۆشنبیری لە ئێران.

ئەو تۆڕە جاڵجاڵۆكەیەی خامنەیی دەسەڵاتی لە دەستووری ئێرانی وەرگرتووە كە ئەو دەستوورە دەسەڵاتی نیمچە رەخای داوەتە رابەری كۆماری ئیسلامی، لەوانە سەرپەرشتی سیاسەتی گشتی بۆ دەوڵەت، سەركردەی گشتی هێزی چەكدار، دامەزراندنی گەورە سەركردەكانی سەربازی و تەناهی، راگەیاندنی جەنگ، دانانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆكی دامەزراوەی رادیۆ و تەلەفزیۆن.
 
یەكێكی تر لە دەسەڵاتەكانی رابەر، دامەزراندنی نیوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، سەرپەرشتی راستەوخۆی سوپای پاسداران و باسیج و دەسەڵاتی هەڵبژاردنی كاندیدانی سەرۆكایەتی كۆمار لە هەڵبژاردن دوای رەزامەندی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور لەسەریان.

ئەو دەسەڵاتە گرنگانەی لە دەستوور بە رابەر دراوە، وای كردووە كۆنتڕۆڵی نیمچە تەواوی سیستەمی سیاسی لە وڵات كردووە، تەنانەت دەسەڵاتی لادانی سەرۆك كۆماریشی هەیە ئەگەرچی بە هەڵبژاردن لەلایەن خەڵكەوە دەستنیشان كراوە.

لە بەرانبەر ئەوانەدا سەرۆكی ئێران دەسەڵاتی هەندێك ئەركی دەستنیشان كراوی هەیە، لەوانە رێكخستنی كارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەكردنی پڕۆژە یاسا پێش خستنە بەردەم پەرلەمان، هەروەها دەسەڵاتی سەرۆك وەزیرانی هەیە كە بەشێك نییە لە دەسەڵاتەكانی رابەر.

سەرۆك كۆمار بەرانبەر بە گەل و پەرلەمان و رابەر بەرپرسیارە، ئەو دەسەڵاتی واژوو كردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی هەیە كە حكوومەت و باڵوێزەكانی كۆماری ئیسلامی لە دەرەوە واژووی دەكەن.
 
رابەری كۆماری ئیسلامی نووسینگەی تایبەتی هەیە لە بوارەكانی سەربازی و تەناهی و رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی، لە رێگەی ئەو نووسینگانەوە كە راوێژكارەكان بەڕێوەی دەبەن لە پەیوەندی بەردەوام دان لەگەڵ ئەو دامەزراوانە، لە رێگەی ئەو تۆڕەوە عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران، ئیدارەی هەموو دامەزراوەكانی حكوومەت دەدات، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خامنەیی دامەزراوەیەكی گرنگ و گەورەی رۆشنبیری و راگەیاندنی هەیە كە دەسەڵاتی بەسەر میدیای ئێرانی كێشاوە و كۆنتڕۆڵی كردووە، هەموو ئەوانە بەیەكەوە وای كردووە خامنەیی دەست بەسەر دەسەڵات بگرێت و حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماریش تەنیا وەك فەرمانبەرێكی جێبەجێكار دەردەكەوێت.


رادیۆی فەردا لە راپۆرتەكەیدا باسی لەوەش كردووە كە خامنەیی لە رێگەی دامەزراوەی تەشریعی دەستوەردان دەكات لە كاروباری ئایینی، بەگوێرەی قسەی چاودێران بێت لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو رابەری كۆماری ئیسلامی لە رێگەی كەسانی سەر بەخۆی، بەتایبەت مجتەبی كوڕی دەستوەردانی زۆری كردووە لە كاروباری ئایینی و دەركردنی حوكمی ئایینی.
 
لە راپۆرتەكەدا ئەوە دەخاتەڕوو كە هەموو ئەوانەی خامنەیی ئەنجامی دەدات لە رێگەی ئەو تۆڕە راوێژكارە و نووسینگانەی هەیەتی، ئاماژەی روون كە حكوومەتێكی سێبەر هەیە لە پشت هەموو بڕیارەكانی دەوڵەت كە سیاسەتی گشتی وڵات لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە، ئابووری دادەڕێژێت، تەنانەت دەستوەردان دەكات لە بچووكترین پڕۆژەش.


وشە - فه‌رمان سادق