چوار گۆرانیبێژ کۆنسێرتێك پێكه‌وه‌ سازدەکەن

:: PM:10:24:09/06/2019 ‌
به‌پێى ئه‌و ڕاگه‌یاندراوه‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م نۆى حوزه‌یران بۆ "وشه‌" هاتووه‌ ئاشكرا كراوه‌ كه‌ لە چالاکییەکی نوێدا بڕیاره‌ بەم نزیکانە، ڕێکخراوی هایما لە هۆڵی سپی کۆنسێرتێک ساز بکەن.

سەمەد هەورامی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هایما له‌ پرۆفایلی تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك نووسیوویه‌تى، "کۆنسێرتەکە بە بەشداریی هەریەکە لە هونەرمەندانی گۆرانیبێژ (مەریوان سەفائەدین، چۆپی فەتاح، ئاریان کەریم و یەریڤان هەڵەبجەیی) بەڕێوەدەچێت، بەشێک لە داهاتی کۆنسێرتەکەیش بۆ کاری خێرخوازیی دەبێت".

ئێسته‌ رێکخراوی هایما لە ئامادەکارییدایە بۆ سازکردنی کۆنسێرتەکە، بریارە لە هۆڵی سپی لەناو پڕۆژەی چاڤیلاند لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچیت،  لە چەند رۆژی داهاتوودا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا کاتی کۆنسێرتەکە ڕادەگەیەنرێت و ناوەندەکانی وەرگرتنی بلیت دیاریی دەکرێن.

ڕێکخراوی هایما بۆ هۆشیاریی کۆمەڵایەتییە، سەربەخۆ و بێلایەن و قازانج نەویستە، تا ئێستا چەند کۆنسێرتێکی هونەریی رێکخستووە، کە دیارترینیان سازکردنی کۆنسێرتی کامەران عومەر و سامان عومەر بوو لە هۆڵی سپی.


وشە - محەمەد میران