وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەترسی لەسەر ئاوی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و دەڵێ، 67%ی ئەو ئاوەی لەژێر زەوی دەردەهێنرێت، لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەهەدەر دەدرێت .
ئەمڕۆ دووشەم كۆنفرانسی ئاو و ئاوەڕۆ لە پارێزگای هەولێر ئەنجام درا، مەبەست لە كۆنفرانسەكە چۆنیەتیی داڕشتنی ستراتیژی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان بوو لەو رووەوە .
لە كۆنفرانسەكەدا عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئاوی ژێر زەوی لە مەترسیدایە و پێویستە هاووڵاتییان و هۆشیار بكرێنەوە، چونكە بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كراوە لە 67%ی ئەو ئاوەی لەژێر زەوی دەردەهێنرێت، لەسەر زەوی بەهەدەر دەدرێت.
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵی، ئەو بیرانەی بۆ ئاوی ژێر زەوی لێ دراون، جیا لەوەی بەشێكیان وشك بوون، بەشێكی تر لەو بیرانە 100 مەتر ئاوەكەی چووەتە خوارێ.
ئەو وەزیرەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر گوتی، تەنیا لە شاری هەولێر نزیكەی نۆ هەزار و 500 بیری نایاسایی ئاو لێ دراون كە ئەوەش كاریگەری خراپی كردووەتە سەر ئەو ناوچانەی ئاوی ژێر زەویی تێدایە .
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەهەوڵدا بوو لە ناوچە شاخاوییەكان و دەرەوەی شارەكان لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كۆنترۆڵی بیرلێدان بۆ ئاو بەشێوەی نایاسایی بكات، بەڵام بەگوتەی وەزیری كشتوكاڵ، تا ئێستە چەندان بیر بە نایاسایی لێ دراون و نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت.
هەرچەندە ئێستە بەشێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، پێوەری ئاوی ماڵان دانراوە، بەڵام ئەو پێوەرە نەكەوتووەتە كار و بڕیاریشە لە داهاتوودا بەكاركردن لەو پێوەرە بەپێی بەكارهێنانی ئاو، پارە لە ماڵان وەربگیرێ.