حكوومەت ئامێرێكی وەرگرتنی تەلەڤزیۆنە ناوخۆیییەكان قەدەغە دەكات

:: PM:04:09:09/01/2017 ‌

بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنوێنییەكان و گرانیی نرخەوە، وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی هێنانی ئامێرێكی ماڵان تایبەت بە كەناڵەكان لە كۆمپانیای "ماكس میدیا" ڕادەگرێت، بەڕێوەبەری گشتیی چاپ و بڵاوكردنەوەش دەڵێ، بەهۆی ڕەخنەی زۆری خەڵكەوە بەچڕی بەدواداچوونمان كردووە.

محەمەد گەردی بەڕێوەبەری گشتیی چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند: ئەو ئامێرەی كۆمپانیای "ماكس میدیا" هێناویەتی بۆ كوردستان، سیستەمێكی پێشكەوتووە و لە وڵاتە دراوسێكانیش نییە، نزیكەی سێ ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە، بەڵام بەدەریش نییە لە كەموكوڕی و گلەیی زۆر هەیە لەسەر كوالێتییەكەی و لە هەندێ شارەدێ و شارۆكەدا بورجیان دانەناوە و لێپرسینەوەی توندمان لەگەڵیاندا كردووە، داواش لە هاووڵاتییان دەكەم زانیاری وەرگرن لەسەر ئامێرەكە ئینجا بیكڕن.

ڕوونی دەكاتەوە، زیاتر لە سێ جار كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە كراوە و داوای لێ كراوە فرۆشی ئامێرەكانی لە بازاڕەكانی كوردستان ڕابگرێت تا داواكارییەكانی وەزارەت جێبەجێ دەكات لە باشكردنی كوالێتی پەخشی كەناڵەكان .

محەمەد گەردی ئەوەش دەخاتە ڕوو، هەر لەبەر ئەم هۆیانە پڕۆژەیەكی تازەی ئەم كۆمپانیایە لەمساڵدا بە ناوی dtt2 ڕەزامەندیمان نەداوەتێ و ڕامان گرتووە كە كەناڵی مشەفەریش دەكاتەوە، بەڵام بەهۆی گرانیی نرخەكەی كە 90 دۆلارە، ڕازی نەبووین بخرێتە بازاڕەكان و خەڵك بیكرێت.

زیاتر گوتی: هەر هاووڵاتییەك سكاڵای یاسایی تۆمار بكات لەسەر خراپی ئامێری تی ڤی ماڵانی ئەو كۆمپانیایە، ئەوە ئامادەن هاوكاری بن و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی لەسەر بكەن.

هەولێر/ هێمن ڕەفیق 


وشە - وشه‌