ئه‌وانه‌ى توێژینه‌وه له بوارى مێژووى عێراق ده‌كه‌ن، گومان له زۆرینه‌ى ئه‌و یاداشت و بیروه‌رییانه ده‌كه‌ن كه له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه به‌ناوبانگه‌كانى ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت و حكوومه‌تییه‌وه نووسراونه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه كه هه‌ندێك نموونه‌ى ده‌گمه‌ن له مێژووى عێراقدا هه‌ن كه یاداشتى تا سه‌ر ئێسك راسته‌قینه‌ن و خاوه‌نه‌كانیان به راشكاوى نووسیویانه‌ته‌وه.
دوو له‌م نموونه ده‌گمه‌نانه یاداشته‌كانى چیرۆكنووسى به‌ناوبانگى مووسڵ "زنوون ئه‌یووب" و یاداشته‌كانى "به‌در شاكر سه‌یاب"ـه.
به‌در شاكر سه‌یاب یه‌كێكه له شاعیره به‌ناوبانگه‌كانى عێراق، له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى عه‌ره‌بیش به یه‌كێك له پێشه‌نگه‌كانى شیعرى نوێ داده‌نرێت، ئه‌و له ساڵى 1924 له گوندێكى باشوورى شارى به‌سڕه له دایك بووه و له ساڵى 1964 له كوێت مردووه.
سه‌یاب چه‌ند ساڵێك به‌ر له مردنى زنجیره‌یه‌ك وتار له شێوه‌ى یاداشتنامه ده‌نووسێت، له رۆژنامه‌ى "حوڕیه" بڵاوى ده‌كاته‌وه. ئه‌مه سه‌ره‌تاى شه‌ڕى ئه‌و ده‌بێت له‌گه‌ڵ حزبى شیوعى عێراقى كه ئه‌وكات به ناوبانگترین و به‌هێزترین حزبى عێراق بووه، به‌تایبه‌تى له ساڵانى یه‌كه‌مى سیستمى كۆمارى له عێراق.
یه‌كێك له رێكه‌وته سه‌یره‌كانى ئه‌م كتێبه ئه‌وه‌یه ئه‌و یاداشتانه له ساڵى 1959 به 40 ئه‌ڵقه بۆ رۆژنامه نووسراون، ئه‌وكات حزبى شیوعى ده‌ستڕۆیشتوو بووه و به‌ره‌نگارى سه‌یاب ده‌بنه‌وه و ته‌نانه‌ت چه‌ند شێوازێكى "ناپه‌سه‌ند"ى له‌گه‌ڵ به‌كار دێنن بۆ ئه‌وه‌ى له یاداشته‌كانى په‌شیمان بێته‌وه.
كاتێك ئه‌و یاداشتانه له ساڵى 2007 له شێوه‌ى كتێب چاپ كرا، ئه‌مجاره‌یش لایه‌نگر و هاوڕێیانى ئه‌و حزبه كه‌وتنه هێرش و تانه‌دان له سه‌یاب، هه‌رچه‌نده ئه‌وكات 43 ساڵ بوو له ژیان نه‌مابوو.
چه‌ند خاڵێكى گرنگ له‌م یاداشتانه‌دا هه‌ن، له‌وانه ئه‌م كتێبه به‌شێكى گرنگ له نهێنییه‌كانى ژیانى ئه‌م شاعیره ئاشكرا ده‌كات كه به یه‌كێك له شاعیره دیاره‌كانى سه‌ده‌ى بیسته‌م داده‌نرێت. خاڵێكى تر ئه‌وه‌یه چه‌ند نهێنییه‌كى شێوازى كاركردنى حزبێك ده‌خاته ڕوو، ته‌نانه‌ت چه‌ند رووداوێكى مێژوویى گرنگ ئاشكرا ده‌كات كه له یاداشتى كه‌سانى حزبى بوونى نییه، به‌ڵام ئه‌و به شێوازێكى تر رووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه.
به‌در شاكر سه‌یاب له رۆژانى سه‌ره‌تاى دروستبوونى حزب ئاگادار بووه و سه‌ركرده‌كانى له نزیكه‌وه ناسیوه، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات ئه‌ندامانى تر‌ى حزبه‌كه زیاتر تووڕه بن و نه‌یارانى حزبه‌كه‌یش لێى سوودمه‌ند بن، چونكه قسه‌ى كه‌سێكى له شێوه‌ى سه‌یاب كاریگه‌رى خۆى ده‌بێت.
به‌در شاكر سه‌یاب له‌و بیره‌وه‌رییانه‌دا باس له چه‌ندان نهێنیى سكرتێره‌كانى حزبى شیوعى ده‌كات، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك نهێنى له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى گرتنى هاوڕێ فه‌هد بڵاو ده‌كاته‌وه، كه دواجار هه‌ر ئه‌و گرتنه بوو فه‌هدى برده ژێر په‌تى سێداره. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات به‌شێكى گرنگ له مێژووى ئه‌م حزبه بخاته ژێر پرسیاره‌وه.
له هه‌موو ئه‌مانه گرنگتر، ئه‌وه‌یه ئه‌م یاداشتانه‌ى به‌در شاكر سه‌یاب وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كه بۆ خراپى پێوه‌ندى نێوان رۆشنبیر و حزب، چونكه ئه‌وه‌ى سه‌یاب باسى ده‌كات، جوانترین وه‌سفه بۆ ئه‌م پێوه‌ندییه، ته‌نانه‌ت ئه‌و سووكایه‌تییانه‌ى له‌لایه‌ن حزبه‌وه به سه‌یاب كراوه، له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست شتێكى نوێ نییه، به‌ڵكو زۆر حزبى تر به ئه‌ندامه رۆشنبیره‌كانى خۆیان كردووه.