پۆلیسی سلێمانی ڕوونكردنەوەیەك لەسەر ڕووداوی تەقەكردن لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، ڕووداوەكە لە پێش نەخۆشخانەیەك بووە.
ئەمڕۆ سێشەم 11ـی حوزەیران، لە ڕاگەیەندراوێكی پۆلیسی سلێمانی هاتووە، شەوی ڕابردوو سەعات یەك و 30 خولەكی شەو گرژی و ئاڵۆزی دەكەوێتە نێوان كۆمەڵێك چەكدار و پاسەوان (سكیوریتی ) نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە، كە چەكدارەكان ویستویانە بەزۆر بچنە ناو نەخۆشخانەكەوە و چەكدارەكان هێرشیان كردۆتە سەر سكیورتییەكان.
پۆلیس ڕوونی كردۆتەوە، بەهۆی ئەو گرژییە تەقە دروست بووە لە بەردەم نەخۆشخانەكە و دور لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان ، بەهۆیەوە هاوڵاتی ( ڕ ، ف ) برینداربووە و دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەكەو بریندارەكەیان بۆ نەخۆشخانە گواستۆتەوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لە دەستداوە .
باس لەوەشكراوە، بە پێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیس دەركەوتووە كە بەهیچ جۆرێك تەقە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان نەكراوە و تەنها كێشەكە لە نێوان چەكدارەكان و سكیورتی نەخۆشخانەكەدا بووە .
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن لە داهاتووشدا تەواوی ڕێكارەیاساییەكان بۆ هاووڵاتیان دەخەینە ڕوو .