گەرما كارەبای گەرمیانی كەم كردەوە

:: PM:05:26:11/06/2019 ‌
لە سنووری گەرمیان هاوشێوەی ناوچەكانی تری كوردستان سەعاتەكانی  پێدانی كارەبای نیشتمانی كەم بووەتەوە و لە شارۆكەی كەلار لەرێگەی مۆلیدە ئەهلییەكانەوە قەربووی هاووڵاتییان دەكرێتەوە.

دڵشاد نەوشاد بەرپرسی بەشی مۆلیدە ئەهلییەكان لە قایمقامیەتی كەلار بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، مانگی رابردوو كارەبای گەرمیان و كەلار بەشێوەیەكی گشتی زۆر باش بوو، بۆ یەك ئەمپێر تەنیا یەك هەزار دینار وەرگیرا. زیاتر گوتی، رۆژانە مۆلیدە ئەهلییەكان نزیكە حەوت بۆ هەشت سەعات كارەبا بە هاووڵاتییان دەدەن، دیار نیە كە ئەو رێژە بەردەوام دەبێ یان نا.

بە گوتەی ئەو بەهۆی گەرماوە كارەبای ناوچەكە كەم بووەتەوە و هەوڵ دەدرێت بە كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان قەرەبوو بكرێنەوە.

لای خۆیەوە سیامەند محەمەد بەرپرسی راگەیاندنی كارەبای گەرمیان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، بەهۆی زۆر بەكارهێنانی ئامێرەكانی فێنكردنەوە خواستی هاووڵاتییان لە 60% زیادی كردووە. روونیشی كردەوە كە رێنوێنی بۆ هاووڵاتییان ئەوەیە بەپێی پێویست كارەبا بەكاربهێنن.

ساڵانە لە وەرزی گەرمادا بەهۆی بەرزبوونەوەی خواستی هاووڵاتییان ڕێژەی پێدانی كارەبا كەم دەبێتەوە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم