حەشدی شەعبی.. نەهامەتی مووسڵ لە دوای مۆتەكەی داعش

:: PM:07:09:11/06/2019 ‌

بەر لە پێنج ساڵ شاری مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراق كەوتە دەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، لە سایەی لاوازییەكی تەلیسماوی هێزەكانی عێراق و دوودڵی حكوومەتی ئەوكاتی بەغدا بۆ بەهاناچوونی شارەكە و رێگرتن لە كەوتنی، كاتێك لەبری بەهێزكردنی هێزە تەناهییەكان فرمانی پاشەكشەكردنی پێدان، ئێستەش دوای دوو ساڵ لە ئازادكردنەوەی نەهامەتییەكانی بەدەست تایفیەت و فەرامۆشكردن و وێرانكارییەوە بەردەوامە.

چیڕۆكی هاتن و چوونی رێكخراوی داعش لێكدانەوەی جیاواز و تێكهەڵكێشی بۆ دەكرێت كە باشترین لێكدانەوە تێكهەڵكێشی بەرژەوەندی ناوخۆیی و دەرەكییە كە وای كرد پارێزگای نەینەوا ببێتە گۆڕەپانی سەرەكی رووداوەكان و پاساوی لێكەوتەكانی دوای ئەوەوە هاتن هەر لە دەركەوتنی حەشدی شەعبی و بزركردنی تۆڵەسەندنەوەی تایفی بەناوی جەنگی تیرۆر و كۆكردنەوەی هێز لە ناوچە سوننەكان و دواترینیشیان بردنی داهاتەكانی عێراق بەناوی ئاوەدانكردنەوە و لاوازكردنی لە رێگەی وێرانكردنی ژێرخانە ئابوورییەكەی و زیادكردنی قەرزەكانی و كردنی بە بازاڕێك بۆ وڵاتانی ناوچەكە و دنیا.

جیا لەو شكان و لاوازییەی سوپا و پۆلیسی ناوخۆیی و فیدراڵی عێراق لە مووسڵ لە بەرانبەر چەند سەت داعشێك كە بووەتە تەلیسم و رەنگە تەنیا ئەوانەی لەناو كارەكەدان بتوانن هەڵی بێنن، دەركەوتنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی یەكێكی ترە لە تەلیسمەكان دوای ماوەیەكی زۆر كەم لە دەركەوتنی داعش لە عێراق و كۆنترۆڵكردنی مووسڵ و چەند شارێكی تری سوننە، بۆیە ئەوەش نادیارییەكی تیادایە و تا ئێستە رۆڵ و چارەنووسی ئەو میلیشیایانە دیار نییە.
ئەو رووخانەی سوپا و هێزە تەناهییەكانی عێراق و دەركەوتنی تیرۆر وەك هەڕەشەیەكی گەورە و رژد بۆ سەر چەندان ناوچەی عێراق بەتایبەتی بەغدا، هەموو ئەوانە بوونە پاساو بۆ دامەزراندنی سوپایەكی تایفی بەناوی حەشدی شەعبی بەناوی پاراستنی حكوومەتی عێراق و شوێنە پیرۆزە شیعەكانەوە، بۆیە ئەوان زیاتر لە سوپای عێراق پاڵپشتی و چەكداریان بۆ دابینكرا و توانیان لەلایەك تا رادەیەكی زۆر شوێنی سوپا بگرنەوە و بە ئازادكردنەوەی ناوچەكانی سوننە خۆیان وەك هێزێكی سەركەوتوو و باڵادەست تا ئێستە لەو ناوچانە بسەپێنن.

ئەوەش جیا لە وێرانكردنی ئەو ناوچانە و ئاوەارەكردنی خەڵكەكەی كە تا ئێستە بەشێكیان لە ئاوارەیی و لە كەمپەكاندا ماونەتەوە. بۆیە حەشدی شەعبی جیا لەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئایاری 2018 كرد و توانی بەهێزەوە بچێتە ناو پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی لە عێراق، توانی بۆشایی داعش لە سایەی لاوازی دامەزراوە تەناهییەكانی دەوڵەت پڕ بكاتەوە و خۆی وەك یاریكەرێكی سەرەكی سیاسی و ناوچەیی بسەلمێنێت.

ساڵی 2016 بووە لەدایكبوونێكی تری حەشدی شەعبی و خاڵێكی گرنگی گۆڕانكاری لە ژیانی ئەو رێكخراوە سەربازییە نافەرمییە و توانی وەك رێكخراوێكی سیاسی خۆی پێشان بدات و بەشداری لە هەڵبژاردن بكات، ئەوەش دوای دانانی یاسایەك لەناو پەرلەمانی عێراق بۆ شەرعیەتدان بەو گرووپە چەكداریانە، بۆیە تا ئێستە پرسیار هەیە كە ئاخۆ هۆكاری مانەوە و رۆڵی ئەوانە چییە؟.

د عەبدولناسڕ مەهداوی توێژەری عێراقی دەڵێت، حەشدی شەعبی عێراقی مەترسیدارترین دیاردەیە كە هەڕەشە لە دەوڵەتی عێراق دەكات و دەیخاتە مەترسییەوە، چونكە تا دوای دانانی یاسایەك لە پەرلەمان بۆ رێكخستنەوەی، بەڵام وەك هەڕەشەیەكی گەورە ماوەتەوە و پاساوی مانەوەی كە بوونی بەهێزی داعش بوو لە چەند ناوچەیەكی عێراق نەماوە.

زیاتر گوتی، یەكێك لە مەترسییە گەورەكانی حەشدی ئەوەیە كە ژمارەیەك لە سەرانی سیاسی و كاریگەر دەیانەوێت سوود لەو دامەزراوە ببینن بۆ خزمەتكردنی مەبەست و ئامانجە سیاسییەكانیان بەتایبەتی لەوانەی سەر بە ویلایەتی فەقێكانی ئێرانن و بەسەر ئاستێكی دوورودرێژ. هاوكات بوونی حەشدی شەعبی لەسەر شێوەی سوپای پاسدارانی ئێران، بەهێزكردن و باڵادەستی ئێرانە بەسەر عێراق و داهاتەكەی، بۆیە پێویستە ئەوانە لاواز بكرێن و بوونیان لە عێراق سنووردار بكرێت، هاوكات حەشدی شەعبی وەك "ئەسپی تروادە"ی لێ هاتووە لە عێراق، بەهێزكردنی لە بەرژەوەندی ئێرانە و لاوازكردنیشی لە بەرژەوەندی ستراتیجیەتی ئەمەریكایە لە عێراق.

ئەحمەد ئیدریس رۆژنامەوانی عێراقی دەڵێت، دوای داگیركردنی مووسڵ و كەیشتنی بۆ نزیك بەغدا و هەڕەشەكردنی بۆ مەزارە شیعەكان، دۆخەكە بۆ تایفیەت خۆش بوو و راستەوخۆ مەرجەعی شیعە عەلی سیستانی فەتوای دامەزراندنی حەشدی شەعبی دەركرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵام گرووپە چەكدارەكانی سەر بەئێران هەلەكەیان قۆستەوە و لەژێر درووشمی تایفی و بەرگریكردن لە مەزارە شیعەكان لە بەرنبەر داعش خەڵیان هان دا، لەوكاتەی فەتواكەی سیستانی بۆ پارێزگاریكردن بوو لە عێراق، بۆیە دواتر شەرعیەتێكی یاساییان لە پەرلەمان پێ بەخشی.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل