هاوپەیمانی نیشتمانی لە بارەی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت, كابینەی حكوومەتی مەسروور بارزانی لە پێشینەی كارەكانی خزمەتكردنە بە هاووڵاتییان و مەسروور بارزانیش سەركەوتوودەبێت.
ئەمڕۆ سێشەم عوسمان گوڵپی, ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتمانی بە "وشە"ی راگەیاند, كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم كە مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، چاوەڕوانی باشمان لێی هەیە و ئومێد دەكەین لە ئاست چاوەڕوانی خەڵكدابێت.
زیاتر گوتی، بەهۆی ئەوەی مەسروور بارزانی ئەزموونی یەكەمی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیەتی، بێگومان دەبێت هەوڵی سەرخستنی ئەم كابینەیە بدات, هەروەها دەبێت هێزە سیاسییەكان هاوكارێكی باشی سەرخستنی كابینەكە بن چ ئەوانەی بەشداری حكوومەتن و ئەوانەیشی كە ئۆپۆزسیۆن دەبین.
گوڵپی روونی كردەوە، سەركەوتنی كابینەی حكوومەت یەكسانە بە خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان و بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و حكومڕانی هەرێم و دڵنیاین چوار ساڵی داهاتوو كابینەیەكی سەركەوتوو دەبێت.
ئەو ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتمانی ئاماژەی كرد، هاووڵاتییان ئومێدێكی زۆریان بەم كابینەیە هەیە، چونكە دوای چاوەڕوانییەكی زۆر لە دۆخی خراپی دارایی ئەم كابینەیە پێكدێت, مەسروور بارزانیش یەكەم مومارەسەی سەرۆكایەتی حكوومەتیەتی، بۆیە هەوڵێكی رژد بۆ سەركەوتن دەدات و حزبەكەشی هەوڵدەدات سەركەوتووانە ئەركەكەی پێشكەش بكات.
باسی لەوەش كرد, كابینەی سەركەوتوو هاووڵاتییانی لە پاڵیا دڵخۆش و خۆشگوزەرانە, پێشینەی كارەكانی لە خزمەت هاووڵاتییان بێت و وەك هاوپەیمانی نیشتمانی گەشبینین بە كابینەی نوێ بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی